شاندی هەرێم بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراق دەچێتە بەغدا

کوردستان

03/06/2020‌ 1025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات.

بەشیر خەلیل حەداد لەمیانی لێدوانێكی وتیشی: چاوەڕێ دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەغدا بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە لەگەڵ حكومەتی نوێ، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێم خۆی ئامادە كردووە  و گەشبینین بگەنە رێككەوتن، چونكە بەدیلی رێككەوتن، هەر رێككەوتنە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەیەكە عێراق‌و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە دەكەن‌و دەیانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان بگەنە رێككەوتن، كە كێشەكانیان لەسەر پرسی نەوت‌و بودجەیە.

بەشیر حەداد لەلێدوانەكەی ئەوەشی وت: دوێنێ سەعات یەكی نیوەڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووە و تێیدا بەرنامەیەك ئامادە كرا بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كە سەعات یەك ئەنجام دەدرێت و ئەوانەی بڕیاریان لێ درا، پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكرێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە ناوەوە و دەرەوە و شانەی قەیرانەكان راپۆرتێك بخاتە ڕوو كە دۆخی كۆرۆنا لەچ ئاستێكدایە و هەروەها هەندیك گفتوگۆی گشتیش دەكرێت".

حەداد هەرووەها وتی: قەدەغەی هاتوچۆ بۆ پەرلەمانتاران كراوەیە و هەر كاتێك ویستیان دەگەنە پەرلەمان، چونكە كاری دیپلۆماسییان هەیە و بۆ دیپلۆماتكارانیش ئاساییە هاتوچۆ بكەن.

هـ ـ ح