كۆی گشتی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێم گەیشتە 849 كەس‌و لەو ژمارەیەش 14 كەس مردوون

کوردستان

03/06/2020‌ 584 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆی گشتی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19  لە هەرێمی كوردستان گەیشتە (٨٤٩) تووشبوو، كە لەنێویاندا (١٤) مردن هەیە و (٤٣٤) نەخۆش چاكبووەتەوەو ئێستا (٤٠١) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

ئەو ژمارەیە لە دەقی راگەیەندراوی ژمارە 99ـی وەزارەتی تەندروستی راگەیەنراوە، كە بەپێی راگەیەنراوەكە  سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لەهەرێمی كوردستان، ڕێكارەكان بەردەوامن بەم شێوەیە:
كەرەنتین:          
تاوەكو ئەوڕۆ (١٢٢٩٧) هاووڵاتی "ئەوانەی كە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی كە بەركەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەكان" كەڕەنتین كراون، لەئێستادا تەنها (٩٣٨) هاووڵاتی لە (٣٣) شوێنی جیاوازی كەرەنتین ماونەتەوە؛ (١٨١) لە هەولێر، (٦١) لە سلێمانی، (٦٩٦) لە دهۆك. وە (١١٣٥٩) هاووڵاتی لە كەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەكانیان دوای تەواو كردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستكردنەوەی ئەوەی كە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین،  لەگەڵ كەڕەنتین كردنی ژمارەیەكی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا كە كۆی گشتی (٦٤) هاووڵاتی بوو.

پشكنین:
لەماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا؛ (١٤٩٦) پشكنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان؛ (٦٠٨) هەولێر، (٥٣٤) سلێمانی، (٣٤٢) دهۆك، (١) هەڵەبجە،(٦) گەرمیان،(١) ڕاپەڕین، (٤) سۆران. 

ئەنجامی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوو:
(111) تووشبووی نوێ تۆمار كرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
پارێزگای هەولێر (٦) پۆزەتیڤ:
(٣) پیاو تەمەنیان (٥٠)، (٢٢)، (٢١) ساڵ كچێكی تەمەن (١٨) ساڵ، (٢) منداڵ تەمەن (١٣)، (٩) ساڵ، یەكیان نیشانەی نەخۆشیەكەی ھەبووە و پشكنینی بۆ كراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە، ئەوانی تر بەركەوتەی تووشبوێكی پێشوون، پێنجیان دانیشتووی گەڕەكی ئەندازیارانن و یەكیان دانیشتووێ گروپی ئەندازیارانی شاری ھەولێرە.

پارێزگای سلێمانی (٤٦) پۆزەتیڤ:
شاری سلێمانی (٣٩) پۆزەتیڤ: (٢٤) پیاو، (١١) ئافرەت، (٤) منداڵ تەمەنیان، یازدە لەوانە بەركەوتەی تووشبووانی پێشوون، بیست و چوار نیشانەی نەخۆشیەكەیان ھەبووە و پشكنینیان بۆ كراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە، یەك دانیشتووی پیرەمەگروون، یەك دانیشتووی عەربەت، دوو دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ، یەك دانیشتووی قەزای كەلار، یەك دانیشتووی قەزای پێنجوین، یەك دانیشتووی پارێزگای ئەنبار، ئەوانی تر دانیشتووی ناو شاری سلێمانین، چوار لەوانە گیانیان سپاردووە.

ئیدارەی گەرمیان (٦) پۆزەتیڤ:
(٣) ئافرەت تەمەنیان (٣٨)، (٢٨)، (٢٠) ساڵ و (٢) پیاو تەمەنیان (٦٤)، (٢٣) ساڵ، منداڵێك تەمەن (٩) ساڵ، ھەموویان بەركەوتووی تووشبوانی پێشوون، چوار تووشبوو دانیشتووی قەزای كفری، دوو تووشبوو دانیشتووی قەزای كەلار.

ئیدارەی ڕاپەڕین (١) پۆزەتیڤ : پیاوێكی تەمەن (٤١) ساڵ، نیشانەی نەخۆشیەكەی ھەبووە و پشكنینی بۆ كراوە و پۆزەتیڤ دەرچووە، دانیشتووی گەڕەكی نەورۆزە لە قەزای ڕانیە.

پارێزگای دهۆك (٥٢) پۆزەتیڤ:
(٢٠) پیاو و (٢٣) ئافرەت و (٩) منداڵ، ھەموویان بەركەوتووی تووشبوێكی پێشوون لە بەشداربوونیان لە داوەتێكی نان خواردن و دانیشتووی ناو شاری دهۆكن.

(كۆی گشتی ئەو پشكنینانەی كە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا (٧٩٣٦٧) پشكنین بووە)

ئاماری گشتی:
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەكانی پزیشكی كە لە ئەركدان، جارێكی داوا دەكەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەكانی تەندروستی و دوركەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستكێش، وە لەكاتی پێویستدا پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).