شارپرێس:
نیكۆس پانایۆتۆپۆڵس وەزیری بەرگری یۆنان لەلێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی هەموو شتێك دەكات لەپێناو پاراستنی مافە سیادییەكانی وڵاتەكەی، لەناویشیدا شەڕكردن لەگەڵ توركیا ئەگەر بێت و كارە بێزاركەرییەكانی ئەو وڵاتە هەر بەردەوام بن .
پانایۆتۆپۆڵس ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە وەزارەتەكەی تێبینی كردووە لەمدواییە كارە بێزاركەرەكانی توركیا زۆر زیادیان كردووە.
وەزیری بەرگری یۆنان راشیگەیاند، لەمدواییە رەفتارەكانی توركیا زۆر دوژمنكارانە، پێمان وایە تاكە ڕێگا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو رەفتارانە بریتییە لەبەكارهێنانی هەموو چەكە دیبلۆماسییەكان و دەستەبەركردنی بەهێزكردنی تواناكانی سوپای وڵاتەكەمان لەبەرپەرچدانەوەی توركیا .
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی، كە ئایا یۆنان ئامادەیە بۆ چارەسەری سەربازیی لەململانێكەی لەگەڵ توركیا، وەزیری بەرگری یۆنان وتی: بەدڵنیایی ئامادەین.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا پانایۆتۆپۆڵس روونیكردووەتەوە، كە بەدڵنیایی هەموو شتێك ڕێی تێدەچێت لەناویشیدا كاری سەربازیی.
وتیشی: ئەوان ئەوەیان ناوێت، بەڵام بەڕوونی دەیڵێن كە لەپێناو پاراستنی مافە سیادییەكانیان هەموو كارێك دەكەن.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا رۆژنامەیەكی توركی داوكاری كۆمپانیایەكی نەوتی حكومەتی توركیای بڵاوكردەوە بۆ دەستكەوتنی مۆڵەتی دەرهێنانی نەوت و غاز لەناوچەیەكی نزیك دورگەكانی یۆنان.
دوای ئەوە كیریاكۆس میتستاكیسی سەرۆك وەزیری یۆنان نامەیەكی ئاراستەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوروپا كرد سەبارەت بە كارە نایاسایی و بێزاركەرەكانی توركیا، یۆنانیش لای خۆیەوە رایگەیاند، كە ئەوە سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی قەیرانێكی توركی –ئەوروپی.
وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی