دابەشكردنی رووباری نیل.. چارەنووسی دانوستانەكان سەبارەت بە بەنداوی نەهزە

مەلەفی تایبەت

14/06/2020‌ 1632 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "كۆمیرسانت" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ململانی كردن لەسەر ئاوەكانی نیل لە نیوان میسر و سودان ئیسیوپیا و چارەنووسی دانوستانەكان سەبارەت بە بەنداوی نەهزە.

بەپێی راپۆرتەكە، دوای سێ مانگ، هەریەك لە میسرو سودان و ئیسیوپیا دانوستانەكانیان سەبارەت بە بەنداوی نەهزەو وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی كاروئاوی، كە گەورەترینە لە ئەفریقا دەستیپێكردەوە، ئەمەش بابەتی ململانێی نێوان ئەو سێ وڵاتەیە.

هەریەك لە قاهیرەو خەرتوم لەوە دەترسن دروستكردنی بەنداوە نوێیەكە لەسەر بەشی ئیسیوپی سەر نیل لە درامەتە ئاوییەكان بێ بەش بكات و زیان بە ئابوورییەكانیان بگەیەنێت.

ساڵی رابردوو، مۆسكۆ ئامادە بوو نێوەندگیری بكات لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان، بەڵام لەمەدا واشنتۆن پێشی كەوتەوە. 

كەچی هەوڵەكانیش نەبوونە مایەی سەركەوتن و لە چركەساتی كۆتایدا مۆركردنی رێككەوتننامە سێ قوڵییەكە هەڵوەشایەوە. 

ئێستاش كاتێكی وا لەبەردەستدا نییە بگەنە چارەسەرێكی مام ناوەند، لە یۆلیۆدا، ئەسیوپیا پلان دادەنێت بەدەستپێكردن‌و پڕكردنی شوێنی كاروئاوی، بەبێ چاوەڕوانی كردنی ئەنجامی دانوستانەكان.

لەسەرەتای یۆنیۆدا، مۆسكۆ هەڵوێستی خۆی دووپاتكردەوە، كە پێویستە كێشەی بەنداوەكە چارەسەر بكرێت، لەچوارچێوەی ئەو میكانیزمانەی هەیە، كە گونجاو بێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی بەگوێرەی رۆحی راگەیاندنی بنەماكانی خەرتومی ساڵی ٢٠١٥ بێت.

لەو بارەیەوە، پسپۆڕ لە كاروباری میسرو شارەزای ئەنجوومەنی روسی بۆ كاروباری دەرەوە (دیمیتری تاراسینكۆ) دەڵێت: بەوەی روسیا هاوبەشێكی گرنگی میسرە، نابێت لە بابەتێكی وەها گرنگدا بێ دەنگ بێت. دەشێت تا ئێستاش پێشنیارەكەی روسیا بۆ نێوەندگیری مابێت، مۆسكۆ وەك سەرچاوەیەكی جیهانی بۆ ئاسایش خۆی نمایش دەكات، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو پرسیارەیە، ئەوانی تر چۆن لە دیدگای روسیا بۆ نێوەندگیری دەڕوانن.

لە هەمان كاتدا ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەو بەڵگەنامەیەی لەواشنتۆن لەسەری رێككەوتوون زۆر گشتگیرە و قاهیرە لە ئێستادا بە كەمتر لەوە رازی نابێت، بەڵام میسر كەناڵی فشارخستنە سەر ئەسیوپیای كەمە و پێویستی بەپشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. 

بەلای قاهیرەوە، كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە پێشەوایەتی كیشوەری ئەفریقا دەكات، دان نان بە لاوازی و بەوەی ركابەرەكانی بەهێز بوون، بابەتێكی قورسە، پرسیارەكە ئەوەیە، نیوەندگیرە نێودەوڵەتییەكان جگە لە هەڕەشە كردن بەسەر سەپاندنی سزا بەسەر ئەسیوپیا چی تریان هەیە؟

بەبۆچوونی سەرنووسەری پێگەی "تكامل الخبرە"ی پسپۆر لەكاروباری ئەقریقا (ئانا ماسلۆفا)، بەیاننامەكەی روسیا لە خزمەتی میسردایە و دەڵێت: گرنگە گفتوگۆكە بە شێوەیەك ئاراستە بكرێت، بەوەی گومان لە مافی سەروەری ئەسیوپیا لە دروست كردنی بەنداوەكەدا نییە، شەفافییەت لە پرۆسەی دروستكردنی وێستگەی كاروئاویەكەدا هەبێت و لێكەوتەكانی لەسەر دراوسێكان لێكبدرێتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا