بۆڵتۆن: ترامپ لەپێناوی ئەردۆغان وازی لەداعش و كورد هێنا

ڕاپۆرت

20/06/2020‌ 2530 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە: ئەحواڵی توركی
وەرگێڕان: هێمن خۆشناو
بە گوێرەی قسەی (جۆن بۆڵتۆن) راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، سەرەڕای ئاگاداركردنەوەی لەلایەن ستافەكەی و سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكڕۆن، هێزەكانی لە سوریا كێشایەوە و رێگای بە توركیادا تا شەڕی دژ بە داعش كۆنتڕۆڵ بكات.

بۆڵتۆن لە پەرتووكەكەی بەناوی (The Room Where It Happened.) كە لە هەفتەی داهاتوودا بڵاودەكرێتەوە، باسی وردەكاری گفتوگۆكانی دەكات لەگەڵ سیاسییە ئەمریكییەكان و هاوپەیمانانی ناتۆ بەر لە ئۆپاراسیۆنی سەربازی توركیا بۆ ناو سوریا.

بۆڵتۆن دەڵێت: دوای گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ ئەردۆغان، ترامپ داوای لێكردم، لەسەرخۆ بم، بڵێم لەبەر ئەوەی كۆتاییمان بە داعش هێنا لە سوریادا كشاینەوە.

هەروەها سەبارەت بەگفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكڕۆن دەڵێت: ترامپ وریاكردنەوەی سەرۆكی فەڕەنسای دەربارەی داعش و چارەنووسی شەڕوانانی كورد، كە هاوپەیمانی ئەمریكا و ناتۆ بوون دژ بە داعش بە هەند وەرنەگرت.

هەر بەگوێرەی قسەی بۆڵتۆن، ترامپ لە وەلامی ماكڕۆندا وتوویەتی: ئێمە لە داعش رزگارمان بوو، توركیا بایەخ بە سوریا و پاشماوەكانی داعش دەدات، بەڵام ماكڕۆن بە قسەكانی ترامپ رازی نەبووە و لە وەڵامدا پێی وتووە: توركیا لەسەر هێرشكردنە سەر كورد ورد دەبێتەوە، واز لەشەڕی دژ بە داعش دەهێنێت.

بۆڵتۆن هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە، كە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نیگەرانی و دڵەڕاوكێی ماكڕۆنی دووبارە كردووە و وتی: ئەردۆغان گرنگی بە داعش نادات، دەشڵێت: بەخۆی هاوڕا بووە لەگەڵ پۆمپیۆ دەربارەی بۆچوونی ئەمریكا و توركیا دەربارەی كورد و بە (ناكۆك) وەسفی كردووە.

بۆڵتۆن لە پەرگرافێكی پەرتووكەكەیدا باسی لە هەوڵی ئەردۆغان دەدات بۆ رازیكردنی ترامپ دەربارەی هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە كوردو لەو بارەوە دەڵێت: ئەردۆغان چەندین جار دووپاتیكردەوە، كە ئەو كوردی خۆش دەوێت، لەهەمان كاتدا وتی: یەپەگە، پەیەدە و پەكەكە سێ گروپن لە توركیا و سوریا یاری بە هەستی كورد دەكەن و ئەوانەش نوێنەرایەتی كورد ناكەن.

هەروەها دەڵێت: ئەم سیستەمی پروپاگەندەی تایبەتە بەرژێمی ئەردۆغان.

بۆڵۆتۆن، لەبەشێكی دیكەی پەرتووكەكەیدا دەڵێت: دوای لە بەڵێنی ترامپ بۆ ئەردۆغان سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وریادا، یەكسەر گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی هەردوولا دەستیپێكرد دەربارەی هاڵك بانك، كە بانكێكی حكومی توركیا و بەهۆی شكاندنی گەماڕۆی ئەمریكا لەسەر ئێران رووبەڕوی لێپرسینەوەی ئەمریكا بووەتەوە.

بۆڵتۆن لەو بارەیەوە درێژە بە قسەكانی دەدات‌و ترامپ دەستیپێكرد و وتی: ئێمە زۆر نزیك بووینەتەوە، لە پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە هاڵك بانك، قسەم لەگەڵ وەزیری خەزێنە و وەزیری دەرەوە كردووە، ئێمە كار لەگەڵ زاوای ئەردۆغان، كە وەزیری دارایی توركیایە دەكەین بۆ ئەوەی لە مەسەلەكە دووریبخەینەوە.