هەپەگە: سوپاى تورکیا زیانى زۆرى بەرکەوتووەو دەیشارێتەوە

کوردستان

23/06/2020‌ 1386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژى هێزەکانى پاراستنى گەل-هەپەگە رایگەیاند، سوپای تورکیا ھیچ ورەیەکی نیە لەبەرامبەر گەریلا ئەگەر تەکنیکی پێشکەوتوو نەبێت سەرەڕای ئەو تەکنیکە پێشکەوتووە، بەڵام گەریلا ئەو ھێزەشی تێکشکاندووە.

لەلێدوانێکی تایبەت بۆ شارپرێس دیار دەنیز وتەبێژى هێزەکانى هەپەگە رایگەیاند" بەرپرسانی تورک ساڵانە ئەم قسەیە دووبارە دەکەنەوە و دەڵێن ئەمساڵ پەکەکە لەناودەبەین بەھەموو ھێز و توانای بەردەستیان ھێرش دەکەنە سەر پەکەکە و کۆتا ھێرشیان بۆ سەر حەفتانین کە لە ١٦ی حوزەیران دەستی پێکرد دەیانەوێت ناوچەیەکی قەدەغەکراو دروست بکەن بیانوەکە پەکەکە ئەگینا ئامانج فراوانکردنی بنکە سەربازیەکانیانە تورکیا ھەمیشە لەبیری عوسمانیدایە و دەیەوێت سنورەکانی فراوان بکات".

ووتەبێژی ھەپەگە ئاماژەى بەوەشکرد، سوپای تورکیا ھیچ ورەیەکی نیە لەبەرامبەر گەریلا ئەگەر تەکنیکی پێشکەوتوو نەبێت سەرەڕای ئەو تەکنیکە پێشکەوتووە، بەڵام گەریلا ئەو ھێزەشی تێکشکاندووە و دەچێتە بەردەم بنکە سەربازییەکانی تورکیا و گورزی کاریگەر دەوەشێنێت، بەڵام بەوتەى خۆی تورکیا زیانەکانی دەشارێتەوە.

سەبارەت بەوەی تورکیا دەڵێت ٨٠٠ بنکەی سەربازی پەکەکەیان بەئامانج گرتووە دیار دەنیز  جەختیکردەوە، ئەو ژمارانە خەیاڵین و ھیچ ڕاستیان تێدانیە ئەوان بۆ شاردنەوەی زیانەکانی حەفتانین ئەم ژمارانە دەشارنەوە.

وتەبێژى هەپەگە باسی لەوەشکرد، بەرخودانی حەفتانین نیشانی تورکیا و جیھانی دا کە ھێزی گەریلا لەسەرووی ھێزی تەکنیک و ھێزی ناتۆوەیەو لەدەستپێکی ھێرشەکەوە تائێستا چوار گەریلای ئێمە گیانیان لەدەستداوە.

لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا دیار دەنیز دوتیشى، دوێنێ ھێزەکانی گەریلا دوو ھەلیکۆپتەری تری سوپای تورکیا بەئامانج گیراون، روونیشیکردەوە، بەگشتی لەچالاکیەکانی ڕۆژی ڕابردوو چوار سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و لەچەند چالاکی تردا ھێزەکانمان زیانیان بەسوپای تورکیا گەیاندووە بەڵام زیانەکان نەزانراون.

س.هـ