مێركڵ: دەبێت ئەوروپا بیر لەپێگەی خۆی لەجیهانی بێرابەرایەتی ئەمەریكا بكاتەوە

لە میدیاکانەوە

29/06/2020‌ 1116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنگیڵا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانیا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دەزگاكانی راگەیانی ئەوروپا وتی: دەبێت ئەوروپا بەجیدی بیر لەپێگەی خۆی لەدۆخی نوێی جیهاندا بكاتەوە، كە ئەمەریكا نایووێت رۆڵی رابەرایەتیكردنی تێدا بگێڕێت.

ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتی: ئەگەر ئەمەریكا بە ویستی خۆی بیەوێت چیتر رۆڵی سەركردایەتیكردنی جیهان نەگێڕێت، ئەوە دەبێت ئێمەش بەجیددی بیر لەو بابەتە بكەینەوە.

هەروەها وتیشی: هەر لەسەرەتاوە واراهاتووین، كە ئەمەریكا دەیەوێت هێزێكی جیهانی بێت.

لەبارەی بڕیاری دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە ئەڵمانیا، میركڵ وتی: بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە ئەوروپای ناوەڕاست وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆنە.

باسی لەوەش كردووە، كە ئەو هێزە سەربازییەی ئەمەریكا لە خاكی ئەڵمانیادان تەنیا بۆ پاراستنی ئەڵمانیا و بەشە ئەوروپاییەكەی ناتۆ نییە، بەڵكو بۆ پاراستنی خودی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاشە.

سەبارەت بە خەرجییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا، مێركڵ ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەوان دەزانن دەبێت پارەیەكی زیاتر لە بواری سەربازییدا خەرج بكەن، بۆ ئەوەش ماوەی چەند ساڵێك دەبێت بەئاڕاستەی بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانیان هەنگاویان ناوە.

بەردەوام حكومەتی ئەڵمانیا لەلایەن واشنتۆنەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت، كە لەچوارچێوەی پابەندییەكانی ناو ناتۆدا ئەڵمانیا خەرجییەكی كەمی لەئەستۆ گرتووە، بەتایبەت لەماوەی سەرۆكایەتی ترامپدا، كە خواستی كێشانەوەی ٩٥٠٠ سەربازی ئەمەریكی لەئەڵمانیا پیشانداوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی