یەكێتی‌و گۆڕان وادەیەكی شەش مانگی دەدەن بە مەسرور بارزانی

کوردستان

02/07/2020‌ 4492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان وادەیەكی نوێ‌ دەدەن بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی‌و بڕیارە لەو وادەیەش بەتەواوی پشتگیری بكەن.

یەكێتی‌و گۆڕان، كە پێكەوەو بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی دیموكرات كابینەی نۆیەمیان پێكهێناوە، وادەیەكی شەش مانگی نوێیان بەحكومەتی هەرێم داوە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیە چاكسازی بكات‌و لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتن بكات.

رۆژی دوو شەممە شاندێكی بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی عومەر سەید عەلی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە، هەر هەمان رۆژ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، شاندەكەی گۆڕان لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دڵنیایی ئەوەیانداوە، لەماوەی شەش مانگی داهاتوو پشتگیری حكومەتی هەرێم دەكەن، بۆ ئەوەی چاكسازی بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان بەهەمان شێوەش، لەكۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، بافڵ تاڵەبانی پشتگیری سەركردایەتی یەكێتی بۆ كابینەی نۆیەم راگەیاندووەو جەختیكردووەتەوە، ئەوان هاوكار دەبن لەكارەكانی حكومەت، بەتایبەتی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم لەقەیرانێكی گەورەی داراییدایەو ئێستا باس لەوە دەكات، بەجێبەجێكردنی یاسای چاكسازی‌و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، دەیەوێت ئەو قەیرانە تێپەڕێنێت.

هـ ـ ح