شارپرێس:
خاڵە سنوورییەكان پێویستیان بە چاكسازی ھەیە، چونكە كەرتی تایبەت دەستی بەسەردا گرتووەو دەبێت حكووەت لێیان وەرگرێتەوە و خۆی سەرپەرشتییان بكات، ئەوكات ھەموو داھاتەكە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.
بۆ چاكسازییش لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش حكومەت لیژنەیەكی پێك ھێناوەو دەیەوێت چاكسازیان تێدا بكات.
لەو بارەوە سەعید ھەركی پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: گرنگە چاكسازی لە ھەموو سێكتەرەكاندا بكرێت، بە تایبەت لە خاڵە سنوورییەكان، چونكە گەندەڵی دەكرێت و پارە لە خاڵە سنوورییەكان بەھەدەر دەچێت، ئێمەش سەردانی ھەموو دەروازەكانمان كردووە و راپۆرتی خۆمان داوەتە حكومەت، كە پێویستی بە چاكسازی ھەیە، بۆیە گەر چاكسازی بكرێت، داھات زۆر زیاد دەكات.
ھەركی بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی دەشڵێت: كێشەی خاڵە سنوورییەكان ئەوەیە، كە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و كۆمەڵێك كۆمپانیا دەستیان بەسەر خاڵە سنوورییەكاندا گرتووە وەك قەبان و سۆنەر و ئەوانەی دیكەش، بۆیە داھاتێكی زۆر بۆ ئەوان دەچێت و ئەگەر حكومەت خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتییان بكات، ئەوكات ھەموو داھاتەكە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، دوای ڕاپۆرتی ئێمە، حكومەت لیژنەیەكی پێك ھێناوە و بڕیاری داوە، كە چاكسازی لەخاڵە سنوورییەكاندا بكات و داھاتەكە ھەمووی بۆ خەزینەی حكوومەت بگەڕێتەوە.
هـ ـ ح
