رێكەوتنی ئێران و سوریا بەرهەمی بێكارایی سیستەمە موشەكییە ڕوسییەكانە

جیهان

14/07/2020‌ 847 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەرێكی ئیسرائیلی دەڵێت: یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی رێكەوتنی سەربازیی نێوان تاران و دیمەشق بۆ بێكارایی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی روسیا لە سوریا دەگەڕێتەوە.

دكتۆر مەردخای كیدار توێژەری ستراتیژی ئیسرائیلی دەشڵێت: روسیا خۆی لەبەر چەند هۆكارێك رێگەیداوە ئەو رێكەوتنە سەربازییە لەنێوان دیمەشق و تاراندا واژوو بكرێت، كە گرنگترینیان كەمی و سنوورداری ئەو بۆمب و موشەكانەی روسیا دەیدات بە سوریا، ئەویش لەبەر ئەوەی روسیا بەهۆی هەرسهێنانی نرخی نەوتەوە بەدەست دۆخێكی دارایی خراپەوە دەناڵێنێت .

ئەو توێژەرە ئیسرائیلییە روونیكردووەتەوە، كە هۆكارێكی تریش هەیە، كە وای لە مۆسكۆ كردووە گڵۆپی سەوز بۆ دیمەشق هەڵبكات تا ئەو ڕێكەوتنە لەگەڵ تاراندا واژوو بكات ئەوەیە، كە مۆسكۆ پێیوایە ئەگەری هەیە جەنگی سوریا زۆر لەوە درێژتر بكێشێت، كە ئەوان پێشبینی دەكەن، بەشێوەیەك پێشتر روسیا بروای وابوو بە شكستهێنانی داعش لە سوریا، دەتوانێت دیمەنی سیاسی و مەیدانی سوریا بەدڵی خۆی رێكبخاتەوە، كەچی ئەوە دوو ساڵ بەسەر هەرەسهێنانی داعشدا گوزەر دەكات كەچی هێشتا روسیا بواری هەناسەدانی لە زۆنگاوی سوریادا نییە.

مەردخای كیدار ئەوەش دەڵێت: روسەكان پێیان وایە رەنگە ئێران بتوانێت بەشێك لە باری گرانی پاراستنی تەخت و تەراجی بەشار ئەسەد هەڵبگرێت، لەبەر ئەوەی مۆسكۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی لەسەروو هەموو شتێكەوە دادەنێت.

لای خۆیشییەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئیسرائیلی باسی لەوە كردووە، كە تەلئەبیب دان بەوە رێكەوتنەی نێوان تاران و دیمەشقدا نانێت بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی سەربازیی و پەرەپێدانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا، بەڵكو ئەوان دەست لەهەموو هاوپەیمانیتییەك دەوەشێنن، كە ئێرانی تێدابێت بەتایبەت مەبەستیش لێی بەرەی سنووری ئیسرائیل بێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی ئێرانی بە كەناڵی جەزیرەی قەتەری راگەیاندووە، ڕێكەوتنی نێوان ئێران و سوریا دوای ئەوە دێت، كە هێزەكانیان لە سوریا بەشێوەیەكی بەردەوام دەكەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی فرۆكە ئیسرائیلییەكان.

سەبارەت بەوەی ئایا رووسەكان گڵۆپی سەوزیان بۆ ڕێكەوتنەكە هەڵكردووە، ئەو سەرچاوە ئێرانییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، روسەكان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە، ئەوان نایانەوێت دۆخەكە لە سوریا لە گرێژنە دەربچێت و ئەو وڵاتە وەك ئەفغانستانی ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردووی لێبێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی