فراكسیۆنی كۆمەڵ هەڵوێستی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر راگەیاند

کوردستان

15/07/2020‌ 1735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی كۆمەڵ هەڵوێستی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سۆران عومەر راگەیاند، كە ناوبراو یەكێكە لەپەرلەمانتارەكانی فراكسیۆنەكە.

فراكسیۆنەكە لەبەیاننامەیەك رایگەیاندووە، كە ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ ی تەموزی ٢٠٢٠ پەرلەمانتاری فراكسیۆنمان (سۆران عومەر) نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرد .

هەروەها رایگەیاندووە، بەم بۆنەیەوە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵ دەمانەوێت چەند ڕاستییەك بۆ ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان و دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم بخەینەڕوو :
دەستلەكاركێشانەوەی هەر پەرلەمانتارێك مافێكی سەرەتایی و ئاسایی خۆیەتی و بڕیارەكەی كاك سۆران عومەریش (ئەگەرچی دڵخوازی ئێمە نەبوو) ڕێزلێگیراوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین بەڕێزیان دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی سیاسیی بەو بڕیارە گەیشتووە .

كاك سۆران پەرلەمانتارێكی چالاك بووەو لە ڕابردووشدا و لە پێناو دڵسۆزی بۆ كارەكەی و خەمخۆری بۆ خەڵك، كاری زۆری كردو ئێمە سوپاسی دەكەین و پێزانینی تەواومان بۆ كارو ماندوبوونی بەڕێزیان هەیەو بۆ داهاتووش سەركەوتنی بۆ دەخوازین .

بەداخەوە لەسەرەتاوە ئەم كەیسەی كاك سۆران بۆ مەرامی حیزبی و شەخسیی هەم بەلاڕێدا برا هەم زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەكرا، كە ئەمە سەرەتایەكی ترسناك و خراپە لەكاری پەرلەمانیی و پرۆسەی سیاسیی و دەرەنجامی خراپی دەبێت .

ئێمەو خەڵكی كوردستان تەمەننامان دەكرد لەبری سەركوتكاری و بێدەنگكردنی خەڵك و نوێنەرەكانیان، لێپرسینەوە لەو لەشكرو تۆڕە ڕێكخراوانەی گەندەڵیی بكرایە كە ٢٩ ساڵە سامانی گشتیی هەرێم و ماڵی خەڵك تاڵان دەكەن و لە پاڵ دەسەڵاتدا هەریەك لەوانە بوونەتە كارەسات بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵك .

تەئكید دەكەینەوە كە پەرلەمان پێویستە شوێنی داكۆكیكردن بێت لە مافی خەڵك و چاودێر بەسەر حكوومەتەوەو، لێناگەڕێین ئەم دەزگا نیشتمانییە وەك بارەگای حزب مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دڵنیاشبن بەردەوام دەبین لە بەرگری كردن لەمافی خەڵك و بەگژداچوونەوەی ستەم و گەندەڵیی تا ئەم سەردەمە تاریكە كۆتایی پێدێت.

لە كۆتاییدا ئەو ڕاستییە دووپاتدەكەینەوە، نابێ بەگرێی دەرونیی و ڕقی شەخسیی و حزبیی مامەڵە و حوكمڕانیی بكرێ، ئەگەرنا دەرەنجام زیانی گەورەی بۆ خەڵك و كۆمەڵگاو حوكمڕانان لێدەكەوێتەوە.

هـ ـ ح