گەندەڵی كۆمپانیاكانی پارتی‌و یەكێتی دەگاتە ناو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا

ڕاپۆرت

26/07/2020‌ 3748 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دادی ئەمریكا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، كە پێدەچێت ئەو كۆمپانیایانە دەستیان كردبێت بەگەرەنتی قۆرغكردنی گرێبەستەكانی ئەو سوتەمەنییەی پنتاگۆن بە بەهای سەدەها ملیۆن دۆلار دەیكڕێت.

ڕاپۆرتێكی نوێ‌ ئەوەی ئاشكرا كردووە چۆن چۆنی كۆمپانیا كوردییەكان و ئەمریكییەكان ناوی كۆمپانیای وەهمییان، (كە پەیوەستن بەیەكێتی نیشتمانی كوردستانەوەو یەكێكە لە دوو پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێمەكە) بەكارهێناوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی فرۆشتنی سوتەمەنی بە سوپای ئەمریكا و هەڵاوسانی نرخەكان، بەڵام گروپەكانی سەر بە یەكێتی تاكە لایەنی سوودمەندی فرۆشتنی سوتەمەنی نین بە ئەمریكییەكان، بەڵكو ئەوانە تۆرێكی بەیەكداچووی گەندەڵكارانن‌و راپۆرتەكە ئەوە ڕوون دەكاتەوە چۆن بە ڕواڵەت كیبڕكێكارەكان هاریكاری یەكتر دەكەن بۆ دزیكردن لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا.

بەپێی بەڵگەنامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە پێشكەشی دەزگای ژمێرەی حكومەتی ئەمریكا كراون، چەند كۆمپانییایەكی وەهمی دیكەی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەو ساختەكارییەوە گلاون، كە مەسعود بارزانی و خانەوادە بەهێزەكەی سەرۆكایەتی دەكەن.

لەراپۆرتەكە باس لەوە كراوە، پارتی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستانە و هۆزێكی كلیپتۆقڕاتین و لە ژێر باڵی ئەمریكا دان. 

كەمال چۆمانی لە پەیمانگای سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرنووسەری ڕۆژنامەی كوردستان تایمز، كە ڕۆژنامەیەكی هەواڵی سەربەخۆیە لەو بارەوە وتی: ملیاردێرە بارزانییەكان (پاشا نافەرمییەكانی) هەرێمی كوردستانن، ڕاوێژكارێكی پێشووی حكومەتی ئەمریكا لە عێراق، كە نەیەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ڕاشكای لەوبارەوە وتی: هەمیشە بە ناوی مافیاكانەوە ئاماژەمان بۆ بنەماڵەی بارزانی دەكرد.

بنەماڵەی بارزانی بە هەموو كونج و قوژبنێكی جیهاندا بڵاوبوونەوە، بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكی دەزگای دژە تیرۆریش لەبارەی موڵك و ماڵ و سامانە زۆر و زەوەندەكانی بارزانی، كە هەر لە سوریاوە تا سویسرا بوونیان هەیە وتی: هەرگیز كارێكی كردەیی نەبوو شوێنپێی ئەو موڵك و ماڵانە هەڵگرین. 

وتیشی: لە پەرەسەندنێكی ڕوگیرانەی ئەو كەیسەشدا، لەوانەیە هەندێك لە ملۆنەها دۆلارە، كە بە فرتوفیڵ لە سوپای ئەمریكاوە دەستیان كەوتووە، برابنە خانەی وەبەرهێنانەوە لە بازاڕە زەبەلاحەكانی خانوبەرە لە كالیفۆڕنیا.

هەر چەندە جوغزی موڵك و ماڵ و سامانی بارزانییەكان بەرفراوانە، بەڵام سەرچاوەكەی سادە و ساكارە، ئەو پارانە لە پیشەسازی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی دەوڵمەندو سەوداو مامەڵەی كرێنی سوتەمەنی بۆ پنتاگۆنەوە دەستكەوتوون. 

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە كاتێكیش لەوبارەوە بە فەرمی لە پرسیار لە ڕاوێژكارێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە وەڵامی نەداوەتەوە، كاتێك ئەو پرسیارانە ئاراستەی كۆمپانیایەكی پەیوەندییە گشتییەكانی پێشووی سەر بە بارزانیش كراوە، دیسان وڵام نەدراوەتەوە.

شوێنپێ هەڵگرتنی سەودا و مامەڵەكانی سوتەمەنی كوردستان، كە بە كۆمپانیای خزمەتگوزارەییە لۆجستییەكان (DGCI) فرۆشراوە، كە بارەگاكەی لە ڤەرجینیایە و ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی خایاندووە، DGCI دابینكەری سوتەمەنییە بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە عێراق، ئەو كۆمپانیایە بە هۆی پەیەندییەكانی بە سیاسییە كوردییەكانەوە لە ئێستادا تووشی لێپرسینەوە بووە.

لەو ماوەی پێشوودا سوپای ئەمریكا گرێبەستێكی لەگەڵ DGCI  بەستووە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی فڕۆكە بۆ بنكەیەكی ئەمریكی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە بەهای 10 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێك سوتەمەنی، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بنكەیەكی سەرەكییە بۆ گەیاندنی سوتەمەنی بۆ سوریا، بەو پێیەی ئەمریكا لە سوریا لە جەنگدایە.

بە هۆی ئەو سەودا و مامەڵانەوە، داهاتی ساڵانەی كۆمپانیای DGCI لە 2 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2015 بۆ 150 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2017 بەرزبۆتەوە. لەو ساڵەدا ئەو كۆمپانیایە لە ویلایەتی ڤەرجینیا لە هەموو كۆمپانیاكانی دیكە زیاتر گەشەی كردووە كە ڕێژەكەی 10999% بووە، لەسەر ئاستی نیشتمانیش لە پلەی 20 دا بووە، ئەمەش بە گوێرەی وتاری ڤەرجینیا بۆ بزنس لە ساڵی 2017. 

ئەم جۆرە پەرەسەندنە ستراتوسفێری- یە سوك و ئاسان نییە، بە تایبەتیش كە ئەوكات كۆمپانیاكە تەنیا 10 فەرمانبەری هەبوو. ئەم كۆمپانیایە ئەو پارەی لە كوێ بووە، خۆ ئایفۆنی دانەهێناوە.

ئەو زێدە ماف و پەرەسەندنە، سەرچاوەكەی پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك بلیمەتی كار و بزنس و قازانجە كتوپڕەكان. پنتاگۆن لە وڵامی پاساوئامێزیدا لە ساڵی 2015 بۆ ئەو دیاردەیە دەڵێت كە گریبەستەكانی ئەو سەودا و ماڵانە تەنها و تەنها بە كۆمپانیای (DGCI)  دراوە بێ ئەوەی كیبڕكێیەكی كراوەیی تەواوی لەگەڵ بكرێت، بۆیە تاكە كۆمپانیای وەرگرتنی بەنزین و سوتەمەنی دیزل- ە لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەت… لە ساڵی 2019 پنتاگۆن هەوڵیدا گریبەستی سوتەمەنی بداتە دوو كۆمپانیای لۆجستیكی دیكە بە ناوەكانی  (Varec)   و ( Strategic Social) ، بەڵام كوردەكان نەیانهێشت ئەو سەودا و مامەڵەیە سەربگرێت، بۆیە پنتاگۆن ناچار بووە بوو بە نرخیكی بەرزتر لە بازاڕ سوتەمەنی لە كۆمپانیای DGCI بكڕێت.

هیچكام لەو سێ كۆمپانیایانە  (Varec، Social Social ، DCGI)  وەڵامی ئەو مەتەڵەیان نەدایەوە. بەرپرسانی كۆمپانیای DCGI هۆشدارییان دابووە كارمەندەكانیان، كە لەو بارەوە لێدوان بۆ ڕۆژنامەنووسان نەدەن. 

لە كوردستان پاوانخوازی هەیە، بۆیە ڕوودەدات چونكە دەسەڵاتت هەیە یان پارە دەدەیتە ئەوانەی كاربەدەستن، ناوی كۆمپانیای DGCI پەیوەستە بە گروپی كۆمپانیاكانی زۆزك- ی كوردییەوە، هەردووكیان بەیەكەوە خاوەندارییەتی كۆمپانیایەك دەكەن بە ناوی Triple Arrow. Zozik ، ئەو كۆمپانیایەش وەڵامی پرسیارەكانی نەداوەتەوە، كە تۆمەتی ئەوەی دەدرێتەپاڵ كە كەناڵی وەرگرتنی بەرتیلە لە لایەن بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، هەروەك لە لێكۆڵینەوە تیروتەسەلەكەی New Republic ئاماژە بۆ كراوی پێشوودا باسی لێوەكراوە. 

بەڵام تەنها پەیوەندییەكانی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان پەردە لەسەر نهێنی ڕادەستكردنی پارەلە لایەن هەولێرەوە بە كۆمپانیای DGCI هەڵناماڵن، چونكە هەولێر لە دەرەوەی دەسەڵاتی یەكیەتی نیشتمانی كوردستانە. هەتا لە پێش داگیركاری ئەمریكا بۆ عێراق، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دانیان بەوەداناوە، كە گەندەڵییەكە لە هەولێردا چڕبووەتەوە و بە شێوەیەكی سەرەكیش لە بنەماڵەی بارزانییەكاندا. 

بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەش، كە ویكلیكس بڵاویكردوونەوە، عەبدوڵا حەوێز- ی ڕۆژنامەنووس و توێژەری كوردی لە هەولێر دەڵێت: دەبێت بارزانییەكان بەلایەنی كەمەوە نیوەی پشكی كۆمپانیا گەورەكانیان پێ بدرێت. 

چەند سەرچاوەیەكیش دەڵێن، كە (زۆرزك و دی . جی . سی. ئەی) لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی پەیوەست بە حیزبەكەی بارزانی هاریكاری یەكتریان كردووە بۆ گەیاندنی سوتەمەنی بۆ هێزەكانی سوپای ئەمریكا.

زانینی زانیاری تێروتەسەل سەبارەت بە هەر كۆمپانییایەكی وەهمی، بە تەنیشت پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و خاوەن بریكارنامەكان، كارێكی ئاڵۆزە و تاقەتپڕوكێنە. 

سەرچاوەكان باسیان لە تۆڕێكی زەبەلاحی كۆمپانیا و سەركردە سیاسییەكان كردووە، لە پرسی (چەوركردنی)  هێڵەكانی ئاسن لە هەولێر و بەغدا و سوریا. 

لە نێو خودی ئەو تۆڕەدا ململانێ هەیە لە نێوان لایەن و كۆمپانیا جۆراوجۆرەكان، بەڵام بەڵگە دزەپێكراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە ڕوون دەكەنەوە، كە "بارزانییەكان تاكە گەمەكاری سەرەكین".

هەروەها بەگوێرەی یاداشتنامەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیسەمبەری 2017 چەند زێدەمافێك دراوە بەكۆمپانیای DGCI و كۆمپانیاكانی سەر بە Zozik  ، Triple Arrow ،  لەگەڵ كۆمپانیایەكی دیكە بە ناوی  Rainfloods. 

بەڵگەنامەكە ئاشكرایكردووە، كە ئەو كۆمپانیایانە تاكە لایەنن، ڕێگەیان پێدراوە بەرهەمەكانی سوتەمەنی بگەیەننە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی، جگە لە حاڵەتێك، كە پەیوەست بووە بە سوتەمەنی بۆ بواری مەدەنی، دەنا ڕێگە بە كۆمپانیاكانی دیكە نەدراوە بچنە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە.

كۆمپانیای Rainfloods وەڵامی پرسیارەكانی نەداوەتەوە، زانیاریش لە بارەی ئەو كۆمپانیایەوە زۆر كەمە، بەڵام سێ سەرچاوە لە دەزگای پیشەسازی سوتەمەنی عێراقی، Rainfloods  وەك هاوبەشی كۆمپانیای DGCI دەدەنە قەڵەم، كە خاوەنەكەی مەنسوڕ بارزانی برای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، سەرچاوەیەكیان وتی: هەموو دەزانن كە  Rainfloods موڵكی مەنسور بارزانییە.

بارزانی لە پشت كردەی پاوانخوازییەكانەوەیە، یەكێك لەكارمەندانی فڕۆكەخانەی هەولێر وتی: ئەگەر بمەوێت دۆلكە سوتەمەنییەك ببەمە ناو فڕۆكەخانەی هەولێرەوە، دەبێت مۆڵەت لە بەڕێوەبەرەكەم وەرگرم. 

بە گوێرە وتەی كۆمپانیای DGCI لە ساڵی 2015 ، كۆمپانیایەكی نەناسراو هەوڵیداوە سوتەمەنی بگەیەنێتە سوپای ئەمریكا و بەربەستە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر تێپەرێنێت، بەمەش بۆ یەكجاری ئەو كۆمپانیایە دوورخراوەتەوە و قەدەغەكراوە.

جاری كاڵمان- ی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی بێگرێگوگۆڵی (شەفافیەت) نێودەوڵەتی، كە ڕێكخراوێكە بۆ بەرەنگابوونەوەی گەندەڵی وتی: ڕاستی و دروستی ئەوەی كەس نەتوانێت بچێتە ئەو فڕۆكەخانەوە، واتای ئەوەیە تۆ مامەڵە لەگەڵ كەسانێكی گەندەڵدا دەكەیت.

كۆپییەكی دیكەی بەڵگەنامەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكراكردووە، بارزانی چەندە خاوەن هەژموونە، كە لە ساڵی 2016، كۆمپانیای PetroKgas ، كە كۆمپانیایەكی دیكەی پەیوەست بە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ڕێگەی لێگیراوە بگاتە فڕۆكەخانەی هەولێر، ئەو كۆمپانیایە خاوەنەكەی عیماد باڵەك- ی ڕاوێژكارێكی ئابووری پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە پلەیەیكی دبلۆماسی فەخری لە باڵوێزخانیە ئۆكڕاینا لە هەولێر هەیە.

لایەنێكی دیكەی هەندێك لە گرێبەستەكانی پەیوەست بەسیاسییەكانەوە لە كۆمپانیای زۆزك، كە خاوەن تەندەرێكی نادیاری كۆمپانیای DGCI و بە ناوی Al Shimal Oil  پەیوەندییەكی بەیەكداچووی هەبووە لەگەڵ Rainfloods.  هەندێك لە گریبەستە كۆنەكان ئەوە دیاری دەكەن كە Al Shimal Oil بە پارەیەكی زیاتر لە نرخ بازاڕ سوتەمەنی بەسوپای ئەمریكا فرۆشتووە لەو پاڵاوگەیەی بارزانی بەسەریدا زاڵە. 

لە ساڵی 2018 دا ئەو كۆمپانیایە (Al Shimal Oil) لەگەڵ دوو كۆمپانیای دیكەی پەیوەست بە گروپەكانی زۆزك-ەوە خراوەتە لیستی ڕەشی پنتاگۆنەوە بەو پێیەی سوتەمەنی ئێرانییان فرۆشتووە. 

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای Al Shimal Oil ئەوەی ڕەتكردەوە وەڵامی هیچ كام لە پرسیارەكان بداتەوەو تەنیا مەگەر ئامادەكاری راپۆرتەكە بچێتە نووسینگەكەی لە هەولێر و سەردانی بكات.

راپۆرتەكە باسی لەوەش كردووە، كە ئەو تۆڕی كۆمپانیایانە، بۆیە پێكهاتوون تا پنتاگۆن بخەڵەتێنن، لە لایەكی دیكەشەوە كۆمپانییایەكی دیكەی وەهمی سەر بە بارزانی هاتووەتە ناو پڕسەكەوە بۆ بردنەوەی سەودا و مامەڵەی سوتەمەنی و موڵكەكانی بارزانی لە ئەمریكا.

بەڵگەیەكی دیكەی دزەپێكراو، كە بەڵگەیە لەسەر ئەو فرۆشیارانەی جێگەی متمانە بوون لە فڕۆكەخانەی هەولێر  وەك كۆمپانیای  Repeat Consultants International  ، كە لقی كوردی وەبەرهێنانە تەكنیكییەكانە لە ڤیرجینیا، كە پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ Zozik ،Rainfloods   هەیە، سەچاوەیەك لە دەزگای پیشەسازییە نەوتییەكانی عێراق دەڵێت: ئەو لقە كوردییەش بەشێكە لە Rainfloods  و كارمەندەكانیشی وا تەماشای كۆمپانیاكان دەكەن كە پاشكۆن.

كۆمپانیای Repeat Consultants هەڤاڵ دۆسكی خاوەندارییەتی دەكات، كە باوەڕ وایە سەرپەرشتی بەشێكی بچووكی بزنسی خانەوادەی بارزانی دەكات  هەروەك ڕۆژنامەی هاویز باسی لێوە كردووە، سەرچاوەیەكی دیكە رایگەیاندووە، دۆسكی هاوڕێ و موچەخۆری بارزانییە. 

لە ساڵی 2018 دۆسكی بووە مانشێتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكان بەوەی كۆمپانیای وەهمی بەكارهێناوە بۆ ئاسانكاریكردن لە كڕینی دوو كۆشكی بیفرلی و هیڵز. هەردوو كۆشكەكە بایی 47 ملیۆن دۆلارن، كە پارەكەی بە كاش دراوە، ئەمە جگە لە دوو ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ بنیاتانی هەندێك شوێنی دیكەی ناو كۆشكەكە.

نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەو هەواڵانەی بە هەڵبەستراو لەقەڵەمدان، بەڵام دراوسییەكی ئەو كۆشكە بەڤارێتی وتووە، یەكێك لە كۆشكەكان ئەویندارەكەی یەكێك لە كوڕەكانی بارزانی  تێدا نیشتەجێیە بەناوی (سودابا خۆشدامان)، كە گوایە وتوویەتی سك پڕە، ئەمە جگە لەوەی دوو ساڵ پێش ئێستا كۆشكێكی دیكەشی بە بڕی 14 ملیۆن دۆلار لە ناوچەی  تونی كنگستۆن لە لەندەن كڕیووە. 

هیچ كام لەوانەی ژمارە مۆبایلەكانیان پەیوەست بوون بەو كۆشكەی لەندەنەوە، وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە، بەڵام ڕاستی نیشتەجێبوونی خۆشدامان لە كۆشكی ناوبراو پشتڕاستكراوەتەوە لەلایەن یەكێك لە وانەی لەو كۆشكەدا كار دەكات.

ئەو پارە زۆرەی بەو كۆشكە دراوە گومانی ئەوەی دروستكردووە، كە پارەكەی بە ناشەرعی پەیدا كرابێت، سەركەوت شەمسەدینی پەرلەمانتاری عێراقی لەوبارەوە پرسیاری ئەوە دەكات ئاخۆ دۆسكی ماڵوموڵكی نهێنی شاراوەی كۆمپانیا وەهمییە نادیارەكان بەكاردێنێت بۆ كرێنی خانوبەرەكان. 

شەمسەدین دەشڵێت دەشێت كۆمپانیای IT ئەو مامەڵەیەی كردبێت و توانستی ئەوەشی هەبووبێت یەكێك لە بەنرخترین خانوبەركانی بیفرلی هیز- بكڕێت.

ئایا دەشێت پارەوپولی حكومەتی ئەمریكی لەو كردەی كڕینەدا بەكارهاتبێت، كۆمپانیای Repeat Consultants  لەسەر پێگەی ئەلەكترۆنی خۆی پنتاگۆنی وەك موشتەری لە قەڵەمداوە، بەڵام پارێزەرانی دۆسكی ئەوەیان ڕەتكردووەتەوە لەو پرسەوە گلابێت.

دوو هاوسەری بە ناوەكانی ( فیكتوریا توینسینغ وجوزیف دیجینوفا)، كە پارێزەرن لە بەیاننامەیەكدا دەڵێن: كۆمپانیای Repeat Consultants هیچ گرێبەستێكی بەشێوەیەكی سەرەكی یان لاوەكی لەگەڵ هیچ قەوارەیەكدا واژوو نەكردووە بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ حكومەتی ئەمریكا لە كوردستان. 

بە گوێرەی یاداشتێكی ناوخۆیی، كە ڕۆژنامەی دیلی بیست دەستی كەوتووە، گرتنی ئەو دوو پارێزەرە لە لایەن دۆسكییەوە بۆ ئەو كەیسە هەنگاوێكی بوێرانەیە. 

كۆمپانیاكەشیان بە گوێرەی یاسای تۆماركردنی موشتەرییە بیانییەكان  تۆماركراوە بەو سیفەتەی گروپی فشار پارتی دیموكراتی كوردستانن و بڕی 300000 دۆلاریشی پێداون لەبەرانبەر پشتیوانی سەربازی و دارایی حكومەتی ئەمریكا.

لە بەیاننامەیەكدا تینسینج ودیجینوفا وتیان نە دۆسكی و نە Repeat Consultants International هیچ زانیارییەكیان نییە بەو نرخانەی پەیوەستن بە هێنانی سوتەمەنی بۆ حكومەتی ئەمریكا لە عێراق. 

ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2018 چەند گرێبەستێكی پێدراوە. زانیارییەكان لەوبارەوە دەگمەنن و باس لەو كاڵایانەش ناكات كە باركراون، بەڵام كۆمپانیاكە باری گواستووەتەوە بۆ سوپای ئەمریكا لە سوریا.

پارێزەرانی دۆسكی ئەوەیان رەتكردەەوە ناوبراو هیچ كۆشكێكی لە كالیفۆڕنیا كڕی بێت، دەنگۆیەكە ئەوە نییە كۆمپانیاكانی دۆسكی ئەو كۆشكانەیان بۆ خۆیان كڕی بێت، بەڵكو بۆ بارزانییەكان كڕیویانن. 

بارزانییەكان پیشتریش ئەو جۆرە كۆمپانیایانەیان بەكارهێناوە بۆ كرێنی خانووبەرە لە ئەمریكا، لە ساڵی 2010 كۆشكێك لەڤیرجینیا كڕدراوە لە لایەن كۆمپانییەكی وەهمییەوە كە پەیوەندی لەگەڵ گروپیSter Group  هەیە، كە كۆمپانییەكی دیكەی بارزانییە.

دوای ئەوەی دەست بە لێكۆڵینەوەكرا لەو كەیسەدا، دۆسكی ویستی پەیوەندییەكانی بشارێتەوە، لەسەر سۆشیال میدیا زۆرێك لەئەكاونتەكانی سڕینەوە، كە وێنەی لەگەڵ خانەوادەكەی بارزانی گرتووە، پەیوەندییەكانی دۆسكی بەقۆرغكاری و سوتەمەنی فڕۆكەخانەی هەولێر و خانووەكانی بارزانی تا بڵێی ڕوگیرە.

شارەزایانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەڵێن، ئەگەر بسەلمێت پارەی گەندەڵی بۆ كرینی ئەو خانوبەرانە بەكارهاتووە، ئەوا دوور نییە دەستیان بەسەردا بگیرێت. 

شروتی شا- ی سەرۆكی هاوپەمانی دەستپاكی، كە ڕێكخراوێكی قازانج نەویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بارەگاكەشی لە واشنتۆنە: لێدانی كوشندەیە بۆ ئەمریكا، كە بە پارەی گەندەڵی ئاسانكاری بۆ گەندەڵی بكرێت لە ئەمریكا، ئەمە واتای ئەوەیە ئێمە دوجار كارئاسنانیمان بۆ گەندەڵی كردووە.

چوار سەرچاوە باسی ئەوە دەكەن، كە ڕایەڵە سیاسییەكان و نرخی گرانبەهای سوتەمەنی، كە یەخەی پنتاگۆنی گرتووە ئاژانسەكانی بەركابوونی یاسای ئەمریكی كێشكردووە، وەك كارمەندانی وەزارەتی داد و خزمەتگوزارییەكانی لێكۆڵینەوە تاوانكارییەكان لە پنتاگۆن، كە بە دوای گەندەڵێییەوەن. نووسینگەی لێكۆڵینەوەكانی فیدڕاڵی  و ئەو توانجانەی ڕەتكردوونەوە، نوێنەری پشكنەری گشتی لە پنتاگۆن وتی كە ئەوان بوونی لێكۆڵینەوەكان پشتڕاست یان ڕەتناكەنەوە.

شەڕەكە لەگەڵ بەرپرسە فیدڕاڵییەكان سەخت دەبێت بۆ گرێدانی پارەوپولەكانی گەندەڵی سەودا و مامەڵەكانی كوردەكان لە كرینی خانووبەرە بۆ بارزانی، كالمان لەو وتی بە گوێڕەی یاسای چۆنیەتی ڕێكخستنی كۆمپانیاكان لە ئەمریكا، كۆمپانیا و ئەوانەی گریبەست دەبەستن  داوای ئەوەیان لێ ناكرێت موڵكداری نافعی خۆیان ئاشكرا بكەن، سەخت و دژواریشە تۆمەتەكە ساغ بكەیتەوە. ئەمەش وایكردووە ئەمریكا بۆ كەمینەیەك سەرنجراكێش بێت، هەروەها بۆ ئەو دكتاتۆرانەش كە وەك جێگەیەك دەیبینن بۆ سپیكردنەوەی پارەی ناشەرعی. كالمان وتیشی لەوانەیە عێراق لە ڕووی سیاییەوە ناهاوسەنگتر بێت، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە داپۆشینی گەندەڵی داراییەوە، دەوڵەتانی دیموكراسی زۆر باشتر نین.

هێشتاش ئەمریكا بە ڕێكەوت و ڕێگەی گەندەڵێ و بە مەبەست سیاسییە عێراقییەكان پارەدار دەكات، سوپا تایبەتەكانیان بۆ ڕێكدەخات، حكومەتی ئەمریكا سەدەها ملیار دۆلاری پێشكەشی میلیشیا كوردییە حزبییەكان كردووە كە پێیان دەڵێن پێشمەرگە، ئەمەش لە چوارچێوەی جەنگی دژ بە داعش.

دلێری پێشمەرگە دژ بە داعش لە نرخ نایەت، كە بەزاندیانن، بەڵام ئەمریكا ماوەیەكی زۆرە ئەوەی زانیووە پارەداركردنی میلیشیاكان واتای تواناداركردنی بەگەندەڵییە، وەزارەتی دەرەوە لە ساڵی 2006 وتی: گەوهەری گەندەڵی لە كوردستان لەوانەدایە، كە هێزە ئەمنییەكانیان لەبن دەستدان، ئەوان لەو گەمەیەیان بەردەوامن، چونكە جلەوگیركردنی چەك واتای ئەوەیە گریبەستە نایاساییەكانیان جێبەجێ دەكەن.

لە ڕووی كرداریشەوە بەركابوونی ئەو گرێبەستانە واتای سەركوتكردنی هاووڵاتییانی كوردستانە، هێزە كوردییەكان بە شیوەیەكی ڕۆتینی دەستیان كرد بە لێدان و چەوساندنەوە و ڕفاندن و كوشتنی خۆپێشاندەران، تا لە ساڵی 2017 سەركەوت شەمسەدینیشیان ڕفاند لەو كاتەی وەك ڕۆژنامەنووس ڕوماڵی ڕووداوەكان دەكرد. تشومانی لە پەیمانگای تەحریر وتی: ئەو چەكانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانییە پێشمەرگە، هەمان ئەو چەكانە بوون كە پێشمەرگە دژ بە خۆپیشاندەران بەكاریان دەهێنان. پرسیارەكەش بۆ ئەو ئەوەیە: بۆچی ئەمریكا بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی لۆردەكانی مافیای نەوت؟

وەڵامەكە ئەوەیە هەروەك بەرپرسێكی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، كە نهێنییەكە لەو پەیوەندییەدایە لە نێوان ئەندامانی دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەیە، وتیشی: ئەو گوێ لەوە بووە كە دەڵێن: ئێمە گوێمان لەوە نییە ئەوان دەدزن و دەكوژن و ئەشكەنجەی گەلەكانیان دەدەن، مادام ئەوان ناوە ناوە ئەوەی لێیان داوا دەكەین دەیكەن.

سەرچاوە:  THE SOAPBOX
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر