شكستەكانی ترامپ لەفەلەستینەوە بۆ باڵكان

لە میدیاکانەوە

29/07/2020‌ 772 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپۆرتێكی "رادیۆ ئەمەریكا"، شرۆڤەكاران هۆكاری شكستی دەستپێشخەرییەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكایان بۆ بەشێك لە ناكۆكی و ململانێ جیهانییەكان بۆ ئەوە گێراوەتەوە، كە سەرۆكی ئەمەریكا نێودەنگیرێكی سەر راست نەبووەو لەڕوانگەیەكی بازرگانییەوە لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی روانیوە.

ئەو شرۆڤەكارانە ڕایانگەیاندووە، شكستی ترامپ بەڕوونی لە مامەڵەی سەدەدا دەردەكەوێت، كە لە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند، بەو پێیەی هەرچەندە ئیسرائیلییەكان رەزامەندیان لەسەریداو پێی رازی بوون، بەڵام فەلەستینییەكان بەتەواوەتی رەتیانكردەوە، لەبەر ئەوەی لەئامادەكردنی خاڵ و بەندەكانی مامەڵەكەدا پرس و رایان پێنەكرابوو، بەڕوونیش دیار بوو، كە لایەندارییەكی زۆری بۆ ئیسرائیلییەكان پێوە دیاربوو.

لەو بارەیەوە، خانمە شرۆڤەكار هالە ئەحمەد لە ناوەندی "تۆڕ"ی فەلەستینی بۆ لێكۆڵینەوە سیاسییەكان دەڵێت: گرفت لە دەستپێشخەرییەكانی ترامپ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە درێژمەوداكان لەوەدایە، كە وەك نێوەندگیرێكی پاك و سەرڕاست كار ناكات، كە بیەوێت هەردوو لایەنی كێشەكە رازی بكات.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا هالە دەڵێت: بۆ نموونە لە بابەتی گرێبەستی سەدەدا فەلەستینییەكان هیچ رۆڵێكیان لە ئامادەكردنیدا نەبوو، بەشێوەیەكی یەكسانیش لەگەڵ لایەنەكەی تری ناكۆكییەكە سەیریان نەكرابوو، ئەوە جگە لەوەی گرێبەستەكە كۆدەنگی جیهانی لەبارەی چارەسەری تەواوەتی كێشەكە بەهەند وەرنەگرتووە و پشتگوێی خستووە.

شرۆڤەكاران ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە ترامپ وەك مامەڵەیەكی بازرگانی لە مامەڵەی سەدە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی فەلەستینی و ئیسرائیلییەكانی روانیوە، بۆیە هەوڵیداوە لەڕێگای ٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانەوە فەلەستینییەكان بێنێتەژێر باری ڕێكەوتنەكەوە.

رادیۆ ئەمەریكا ئاماژەی بۆ نێوەندگیرییەكانی ئەمەریكا لە ململانێكانی باڵكان  بەتایبەت لە پرسی ناكۆكی كۆسۆڤۆ و سڕبییەكان كردووە، بەشێوەیەك ترامپ لەپەیوەندی بەردەوامدابووە لەگەڵ ڕێبەری هەردوولا و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لەكۆشكی سپیدا هەردوولا بگەیەنێتە ڕێكەوتن.

بەپێی راپۆرتەكە، دیموكراتەكان ئاستەنگیان بۆ ئەو هەوڵانەی ترامپ درووستكردووە، لەسەر ئەو بنەمایەی ترامپ دەیەوێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و بەهەر نرخێك بێت ڕێكەوتن بەهەردوولا واژوو بكات.

هەروەك چۆن ترامپ لە پرسی چارەسەركردنی قەیرانی بەنداوی "نەهزە" شدا سەركەوتوو نەبوو، كاتێك هەوڵیدا لەڕێگای چەندین پرۆژەوە، كە بانكی نێودەوڵەتی پارەی بۆ تەرخان دەكات و ئەمەریكاش پشتیوان و هاوكار بێت، ویستی ئەسیوپییەكان بە ڕێكەوتن لەگەڵ میسر رازی بكات، بۆ بابەتی ناكۆكی سڕب و كۆسۆڤۆییەكانیش بەهەمان شێوە لەڕوانگەیەكی ئابووریانەوە هەوڵی چارەسەركردنی دابوو.

هەفتەی رابردووش گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئاشكراكرد، بەهۆی پێشهاتەكانی ئەمدواییەی بەنداوی نەهزە، كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەسیوپیای لەگەڵ هەریەك لە میسر و سودان  گرژ و ئاڵۆز كرد، ئیدارەی ترامپ بیر لەوە دەكاتەوە كۆمەك و یارمەتییەكانی بۆ ئەسیوپیا هەڵپەسێرێت .

لای خۆیشییەوە، چارلز كۆپشان، شرۆڤەكار لە ئەنجوومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان لە واشنتۆن وتی: لەراستیدا ئەو ئاراستەیەی لەسەر بنەمای "یەكەمجار ئابووری " بنیادنراوە، دەكرێت لەو جیهانەدا سەركەوتوو بێت، كە جیهانە بازرگانییەكەی ترامپە، بەڵام لە جیهانی دیبلۆماسیدا نا، لەبەر ئەوەی جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان جیهانی بزنس و جیهانی دیبلۆماسیدا.

كۆپشان وتیشی: ناكۆكی و ململانێكان تەنیا لەدوو كەسدا كۆنابنەوە تا هەوڵ بدەن قسە بەیەكەوە بكەن، بەڵكو كۆمەڵگاكان سەرلەبەریان ناواخنن بە بابەتگەلێكی وەك سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و مێژوو و كولتوور، كە ئەوانە تەنیا پەیوەست نین بە خەسڵەتە بازرگانی و دەستكەوتە ئابوورییەكانەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی