ڕێساكانی بۆشایی ئاسمان.. ئەمریكا و روسیا لەسەر چی رێككەوتوون؟

مەلەفی تایبەت

29/07/2020‌ 1076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری "غازیتا رو" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئاستەم بوونی هەر سازشكردنێك لەلایەن ئەمریكاوە بۆ روسیا.

بەپێی راپۆرتەكە، گفتوگۆكردنی نێوان روسیا و ئەمریكا دەربارەی پرسەكانی بۆشایی ئاسمان لە ڤیەننا دەستی پێكرد، كە كۆتایی هەفتەی رابردوو، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئاسایشی نێو دەوڵەتی (كریستۆفەر فۆرد) وتی: ئەمریكا لە میانی گفتوگۆكانی ڤیەننا دەیەوێت پێوانەی بنیادنەر لە بۆشایی ئاسماندا بچەسپێنێت. 

هەروەها وتی: واشنتۆن وای دەبینێت پێشنیارەكانی روسیا و لیژنەی نوێنەرە بەردەوامەكان دەربارەی ئامادەكردنی پەیماننامەیەكی نێو دەوڵەتی بۆ ئەوەی چەك لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر نەكرێت؛ بیرۆكەیەكی خراپە.

بەم شێوەیە وەڵامی ئەو دەستپێخەرییانە درایەوە، كە هەریەك لە مۆسكۆ و پەكین چەندین جار پێشكەشیان كردبوو بەمەبەستی ئامادەكردنی رێككەوتنێكی هەمە لایەنە و لە رووی رووی یاساییەوە پابەندی ئەوە بێت چەك لە بۆشایی ئاسماندا جێگیر نەكرێت، یان بەكارهێنانی هێز، یاخود هەڕەشە بە بەكارهێنانی دژی ئامرازەكانی بۆشایی ئاسمان.

فۆرد وتیشی: بیرۆكە باشەكان بریتین لە چۆنییەتی دۆزینەوەی باشترین رێگا بۆ ئەوەی بۆشایی ئاسمان جێگای پێشبینی، یان سەقامگیری بێت لەگەڵ بەردەوام بۆ گەیشتن بەو شوێنە.

لەو بارەیەوە، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی شیكاری ستراتیجی و تەكنەلۆجی (قوستەنتین ماكیینكو) وتی: بەدوور دەزانرێت لە ڤیەننا هەردوولا بگەنە رێككەوتنێكی هەمە لایەنەو لە رووی یاسایەوە پابەندی ئەوەبن چەك لە بۆشایی ئاسماندا جێگر نەكرێت یاخود بۆ بەكارهێنانی هێزو مەترسی دژی ئامرازەكان بەكاربهێنرێن. 

بەگوێرەی قسەی ناوبراو، ئەم كۆبوونەوەیە سەركەوتوو نابێت بەهۆی هەڵوێستی دیاری واشنتۆنەوە، چونكە هەتا پێش كۆبونوەكەی ڤیەنناش، دیدی خۆی دەربارەی ئەم رێككەوتنە خستبوە روو.

مەترسییەكان بەلای واشنتۆنەوە دەربارەی ئەم بابەتە زۆرن و سەلامەتی كۆمەڵە خولگەییەكانی لە پێش هەموو شتێكەوەن، بەبێ زیادەرۆیی، گەیشتنی ئەمریكا بە بۆشایی ئاسمان ئامانجێكی بەرژەوەندی نیشتمانی زیندوە، پێش ئەوەش سیاسی و سەربازیە ئەمریكیەكان چەندین جار گوزارشتیان لێكردوە. 

شارەزایانیش وای دەبینن، هەژمون بەسەر بۆشایی ئاسماندا، مانای سەركەوتنی ئایندەیە لەسەر زەویدا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا