جۆن بۆڵتۆن جارێكی تر هێرش دەكاتەوە سەر دۆناڵد ترامپ

ڕاپۆرت

31/07/2020‌ 1970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، جارێكی تر هێرشی توندی كردە سەر دۆناڵد تڕامپی سەرۆكی وڵاتەكەی.

بۆڵتۆن دەڵێت: بە هۆی سەرۆكایەتی تڕامپ-ەوە ئابڕومەندی و شكۆداری ئەمریكا كەوتووەتە مەترسییەوە، چاككردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەش دەبێتە ئەركی حكومەتەكەی جۆن بایدن ئەگەر بتوانێت سەرۆكایەتی ئەمریكا بباتەوە، بەڵام ئەمە ئەركی كۆمارییەكان- یشە، هەروەها وتی: پێویستە لە ئایندەدا جارێكی دیكە ئەو پیاوە (تڕەمپ) نەكەینەوە بژاردەی خۆمان.

بۆڵتۆن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "باڕۆڵ" ی هۆڵەندی پێی وایە تڕەمپ هەندێك جار بەیانیان بڕیارێك سەبارەت بە گرفتێك لە گرفتەكان دەدات، كەچی ئێوارە ڕادیكاڵییانە  بڕیارەكە لە ڕەگەوە دەگۆڕێت، بۆڵتۆن ئەوەشی وت: ئەوروپا كۆششیانە خۆیان لەگەڵ ئەو سرووشتەی تڕەمپ ڕابێنن یان لە هەنگاوە سیاسییەكانی حاڵیبن، بەڵام ئەم كارە ئاسان نییە و سەخت و دژوارە.

دەربارەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی تڕەمپ كە بوونە ڕەخنەیەك لەسەر ئەو سەرۆكە، بۆڵتۆن دەڵێت: سەرۆكی ئەمریكا زۆر شڕ بووە بەدەست پەیوەندییەكانی لەگەڵ تیریزا مەی سەرۆك وەزیری بەریتانیا و ئەنجیلا مێركڵی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، چونكە بەدەست مامەڵەكردن لەگەڵ ژناندا شڕوشەپڕێوە و ئەوان بە هاوتای خۆی نازانێت، ئەم كارە بە تایبەتی لەگەڵ میركڵ زۆر ئاڵۆز بوو بۆ تڕەمپ، لەوانەیە ئەمەش لەبەر ئەوە بووبێت كە باوكی ترەمپ ئەڵمانییە، هەروەها پەیوەست بێت بە گرفتەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان.

بۆڵتۆن وتیشی: تڕەمپ بەلایەوە قورسە مامەڵە لەگەڵ ئەو سەركردانەدا بكات كە دیموكراسییانە هەڵبژێردراون، ئەو مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەو سەركردانە پێخۆشترە كە بەجۆرێك لە جۆرەكان فەرمانڕەواییەكی تۆتالیتارییانە (سەراپاگیر ) بەڕێوەدەبەن.

بۆڵتۆن باسی ئەوەشی كرد، تڕەمپ هەڵگری فەلسەفەیەكی دیاریكراو نییە بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەشی گوت كە ئەو (بۆڵتۆن) كۆمارییەكی كۆنەپارێزە، كەچی تڕەمپ وا نییە.. بگرە لیبڕاڵێكی دیموكراسیش نییە.

سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەكردنی ئەوروپا لەگەڵ تڕەمپ، بۆڵتۆن پێی وایە كە هەر دەوڵەتێكی ئەوروپی دەبێت شێوازێكی تایبەتی هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تڕەمپ، بۆڵۆتن نەیاری باوەڕی مانوێل ماكڕۆنە كە پێی وایە بە بوونی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ تڕەمپدا دەتوانێت برەوپێدانێكی باش لە ڕایەڵەكانی پەیوەندییەكانی ئەوروپا بێنێتەكایەوە.

بۆڵتۆن هەروەها وتی: سەختە پێشبینی ئەوە بكەین تڕەمپ هەڵدەبژێردرێتەوە یاخود نا، بەڵام دانی بەوەدانا كە هەلێكی ڕاستەقینەی هەیە بۆ بردنەوە، وتیشی هەرچەندە تڕەمپ لە ئێستادا گیرۆدەی پەتای كۆڕۆنایە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت كە لە هەڵبژاردنەكەی پێشوودا لە خواری خوارەوەی لیستی پاڵێوراواندا بووە، هەروەها ئەوەشمان بیرنەچێت كە پارتی دیموكراتی ئەمریكا لێزانە لەوەی هەڵبژاردنەكان بدۆڕێنێت.

سەبارەت بە پەیوەندییە بارگرژییەكانی نێوان ئەمریكا و چین كە پێشتر نەگەیشتۆتە دۆخێكی هاوشێوەی ئێستا، بۆڵتۆن گوتی: لە ئێستادا تڕەمپ زۆر بەخەستی دژی چینە ، بەڵام ئەگەر دووبارە هەڵیبژێرنەوە، شیمانەیەكی گەورە هەیە كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ "شی جینگ بینگ" ی سەرۆكی چین بگەڕێتەوە ئاستێكی باش، چونكە هەردووكیان هاوشێوەی یەكترن.

لە بارەی بۆچوونی سەبارت هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، بۆڵتۆن ئەوەی دووپاتكردەوە كە ناتۆ بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمریكا هەڵەیەكی گەورەی كرد كاتێك پێی وابوو لە ڕێگەی ناتۆ- وە ئەوروپا دەپارێزێت، چونكە ناتۆ زۆر گرنگە بۆ جیهان و لەسەرمانە بۆ ئایندەیەكی دوورمەودا بیپارێزین، تاوەكو هاویەمانییەكە بتوانێت بە كارەكانی خۆی هەستێت، پێویستیشە لەسەرمان هەریەك لە ئوستوڕالیا و سەنگافورا و ئیسڕائیل و یابان بێنینە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی 218
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر