ئەو نەخۆشیانەی بۆنی دەم و جەستەی مرۆڤ ناخۆش دەكەن

تەندروستی

01/08/2020‌ 684 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پزیشكان دەڵێن یەكێك لەنیشانە پێشوەختەكانی هەندێك لە نەخۆشییەكان بریتییە لە گۆڕانی بۆنی جەستە، ئەگەر كەسێك هەستی بەو گۆڕانكارییە كرد ئەوە پێویستە لەسەر سەردانی پزیشك بكات و هەوڵی خۆچارەسەركردن بدات .

بەپێی قسەی پزیشكان بۆنی ناخۆشی دەم هەندێك جار نیشانەی تووشبوونە بە نەخۆشی شەكرە، ئەویش بەوپێیەی جەستە گلوكۆزی دەستناكەوێت‌و دەست دەكات بە بەكارهێنانی چەوری بۆ دروستكردنی وزە، كە ئەمە دەبێتە هۆی زێدەكەڵەكەبوونی تەنە كیتۆنییەكان لەناو جەستەدا .

هەركاتێكیش بۆنی میز و ئارەقكردنەوە وەك بۆنی ماسی نوێ وابوو، ئەوە مانای وایە گرفتێك لە جگەردا هەیە بەهۆی كەڵەكەبوونی ماددە ژەهراوییەكان لە جەستەدا.

لەساڵی ٢٠١٦ ، رۆژنامەی  " Advanced Material Science  ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی بڵاوكردەوە، كە نیشانەكانی سەرەتای ئیكلامپسیا، كە (بریتییە لە تووشبوونی ئافرەتی سكپر بەكاتی سكپڕییەكەی بە پەستانی خوێن بێئەوەی پێشتر پەستانی هەبووبێت)، پزیشكان وتوویانە دەكرێت لەڕێگای بۆنی ناخۆشی ناو دەمەوە لەكاتی دووگیانیدا تێبینی ئەو حاڵەتە بكرێت.

پێشتریش ئیرینا سكۆرۆگۆدایڤا، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست بە كەناڵی "روسیا ١"ی راگەیاندبوو، بۆنی ناخۆشی نائاسایی جەستە رەنگە نیشان بێت بۆ پرۆسەیەكی نائاسایی جەستە و بوونی ناتەواوی لەهەندێك لە ئەندامەكاندا .

باسی لەوەش كردبوو، زۆرینەی كات لەكاتی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كەسەكە زیاتر ئارەق دەكات و بۆنی گۆشتێكی بەسەرچوو لەجەستەی دێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی