هەرێم جگە لەرێكەوتن لەگەڵ عێراق هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەم نییە

کوردستان

01/08/2020‌ 1506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆران لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ ئاژانسی میهری ئێرانی دەڵێت: هەرێمی كوردستان هیچ رێگەچارەیەكی لەبەردەمدا نییە جگە لە ڕێكەوتن نەبێت لەگەڵ بەغدا، لەبەر ئەوەی دۆخی دارایی و سیاسی هەرێم زۆر خراپە و بێڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ناتوانرێتت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت.

غالب ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، نابێت دەسەڵاتدارانی هەرێم چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەختە و درووستبوونی حكومەتێكی نوێ بكەن، لەبەر ئەوەی دیار نییە كەی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە دەچن و دواتریش لانیكەم شەش مانگی پێدەچێت تا حكومەتی تازە دەستبەكاردەبێت، جگە لەوەی هەر حكومەتێك لەبەغدا دەستبەكار بێت داواكارییەكانی بەرانبەر بەهەرێم هەر هەمان داواكارین، بۆیە تا زووتر رێكەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت باشترە.

سەبارەت بە ڕێكەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و توركیا كاریگەریی لەسەر ڕێكنەكەوتنی بەغدا و هەولێر، پەڕلەمانتارەكەی گۆران دەڵێت: ئەو ڕێككەوتنەی هەرێمی كوردستان و توركیا كردوویانە نایاساییە و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەرپرسن لێی، ئەو كارە بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی  میللەتێكە، كە دراوە بە توركیا و ئێستا خەڵك بێ موچەیە و ڕێككەوتنیش نەكراوە و كێشەكان هەر گەورەتر دەبنەوە.

سەبارەت بە یاسای چاكسازیی و ئەو هەنگاوانەی كابینەی نۆیەم بەناوی چاكسازی دەستی پێكردووە، غالب محەمەد پێیوایە ئەوە هەموو رواڵەت و چاوبەستەكەی خەڵكە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر زیادكردنی داهاتەكان نابێت و بەوپێیەش حكومەت باتوانێت موچە و بژیوی خەڵك دابین بكات، كە بەقسەی ئەو چاكسازی  لە دوو شتدا دەكرێت، یەكەم دەبێ داهات زیاد بكرێت و خەرجییكان كەم بكرێتەوە، خەرجییەكانیش بەوە كەم دەكرێتەوە كە ئەو 700 هەزار بندیوارە لاببرێت كە هەیە ،  تا ئەوە نەكرێت پێی ناوترێت چاكسازی. چاكسازی لە داهاتیش خۆی لە دوو شتدا دەبینێتەوە، یەكەم نەوت و دووەم سنوورەكان ، كە بەڕای ئەو ئەوەش ناكرێت چونكوو یەكێتی و پارتی ڕێگەنادەن .