توركیا هەڕەشە لە ئیمارات دەكات

جیهان

01/08/2020‌ 2264 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خەلووسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا لەكاتی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرنامەی "چاوپێكەوتنی رۆژ"ی كەناڵی جەزیرە رایگەیاند، ئیمارات دەوڵەتێكە لەڕووی سایسی و سەربازییەوە لەلایەن وڵاتانی ترەوە بەكاردەهێنرێت و دەشیەوێت زیان بە بەرژەوەندییەكانی توركیا بگەیەنێت، بۆیە ئەنقەرە لەكات و شوێنی گونجاودا سزای ئەو وڵاتە دەدات.

ئاكار ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئیمارات بەمەبەستی زیانگەیاندن بە توركیا، پشتیوانی ڕێكخراوەكانی نەیاری توركیا دەكات، باسی لەوەش كردووە ئیمارات لەرووی قەبارە و راددەی كارییەگەرییەوە دەوڵەتێكی بچووكە، بەڵام خەریكی تێكدانی سەقامگیری لیبیایە و دەستیشی هەبووە لە وێرانكردنی یەمەندا.

سەبارەت بە پرسی لیبیاش، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، روسیا و میسر و ئیمارات بەردەوامن لە پشتیوانیكردنی لیوای خانەنشین مووشیر خەلیفە حەفتەر، كە بەقسەی ئەو ئەگەر بێت و ئەو وڵاتانە دەستبەرداری پشتیوانی ناوبراو نەبن ئەوە ڕێگای گەیشتن بە ئاشتی لەلیبیا زۆر دریژتر دەبێتەوە و ئەو وڵاتە سەقامگیری بەخۆوە نابینێت.

پێشتریش، سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا، ئیماراتی تۆمەتبار كردبوو بەوەی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و  ناسەقامگیركردنی توركیا دەدات، كە بەقسەی ئەو چەند كەسێكیان دەستگیركردووەو بە قسەی ئیماراتییەكان خەریكی زیانگەیاندن بوون بە توركیا .

وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاندووە، محەمەد دەحلان، راوێژكاری محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەكی لە توركیا، بەسیفەتی تیرۆریست لەلایەن ئەنقەرەوە خراوەتە لیستی داواكراوەكانەوە.

لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ئەنقەرە ئیماراتی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستی هەبووە لە شكستپێهێنانی ڕێكەوتنی ئاگربەست لەلیبیا بەپێی ئەنجامەكانی كۆنگرەی بەرلین.

وەرگێڕان : ئاكۆ ئاڵی