مستەفا كازمی دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی نییە

عیراق

01/08/2020‌ 691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕیارەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی رەتكردەوە، كە وادەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكردبوو.

لیژنەكە جەختیكردووەتەوە، كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی نییەو بەبێ‌ رەزامەندی پەرلەمانیش هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت بڕیارێكی لەو جۆرە بدات.

لەو بارەوە بەهار مەحمود ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەپێی دەستوور لەدەسەڵاتی سەرۆك وەزیران نییە وادەی هەڵبژاردن دیاری بكات.

بەهار مەحمود وتیشی: هەڵبژاردن كاتێك ئەنجامدەدرێت، كە وادەی خولی پەرلەمانی تەواو بوو بێت، یان پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوەو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.

باسی لەوەش كردووە، كە بەپێی مادەی 64 دەستووری عێراق كاتێك دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگ بە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەدەن، وادە بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكەن‌و ئەوكاتیش حكومەت دەبێت بەحكومەتی كاربەرێكەر.

ئەمە لەكاتێكدایە، شەوی شەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقی لە 6/6/2021 دیاریكرد، ئەوەش لەمیانی وتارێك كە پێشكەشی خەڵكی عێراقی كرد.

هـ ـ ح