شارپرێس
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان خۆشحاڵن بە رەزامەندی دەربڕینی ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا بەوەی کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمەریکی ڕێکەوتنی پەرەپێدان و دەرهێنانی نەوت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای واژۆ بکات ، کە ئەوەیان بە هەنگاوێک بەرەو داننان بە ئیدارەی خۆسەر و گەرەنتی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە هەژمار کردووە .
شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی رابردوو ، لیندسی گراهام ، گەورە سیناتۆری کۆمارییەکان و کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا ، لەبەردەم کۆنگرێسی ئەو وڵاتە و بەئامادەبوونی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکەوتنی نێوان کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمەریکی و هێزەکانی سوریای دیموکراتی راگەیاند ، هەروەک مایک پۆمپیۆش لای خۆیەوە پشتیوانی ئیدارەی ئەمەریکای بۆ ئەو هەنگاوە راگەیاند .
واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە رەزامەندی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەو وڵاتەی دەوێت ، لەبەرئەوەی کەرتی نەوت و بەشێکی زۆری دامەزراوە سورییەکان کەوتونەتە ژێر سزاکانی قەیسەرەوە ، کە ڕێکەوتنەکە راستەوخۆ لەنێوان کۆمپانیای "دەلتا کرینست ئینێرجی " و ئیدارەی خۆسەر واژۆ دەکرێت و لە پرۆسەکەدا رەزامەندی حکوومەتی دیمەشق وەرناگیرێت .
بەرپرسانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان مانای سیاسیی ئەو هەنگاوە بە گەورە و گرنگ دەزانن و پێیان وایە وەک داننانە بە ئیدارەی خۆسەر ، جگە لەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری کشانەوەی کتوپڕی هێزە سەبازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەڕەوێنێتەوە .
پێدەچێت ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی تووڕەیی و بێزاری ئەنقەرە کە بەردەوام ترسی خۆی لە دوروستبوونی قەوارەیەکی کوردیی لە باکووری سوریا دەربڕیوە ، جگە لەوەی دیمەشقیش بەو رێکەوتنە خۆشحاڵ نییە ، لەبەر ئەوەی گوشارەکانی سەری زیاتر دەبن و هەڵوێستی کوردانی رۆژئاوا لە هەر دانوستانێکی گریمانکراو بەرانبەر بە دیمەشق بەهێزتر دەکات .
وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی