ئەوە ئەردۆغانە یان توركیایە؟

توێژینەوە و شیکاریی

03/08/2020‌ 5246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەساڵی ١٩٤٥  لەدایك بووە ، واتە تەمەنی ٧٥ ساڵە، راستە پشتی دەستی بەچەمینەوە كردووە، بەڵام بەرزەفڕییەكانی گەیشتوونەتە ترۆپكی ئاسمان، دوو ساڵیشی ماوە بۆ ئەوەی جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی بپاڵێوێتەوە، لەبەر ئەوەی باش دەزانێت كاتی ئەوەی نییە خەریكی خۆپارێزی و ئاگربەست بێت، بۆیە پەلەی كرد لەوەی پەردە لەسەر پرۆژەكەی هەڵبماڵێت، بەتایبەت كە دەزانێت كێشە ناوخۆییەكانی روویان لەهەڵكشانەو ڕكابەر و بەرهەڵستكارەكانی زیادیانكردووە، پرۆژەیەكیشی لەمێشكدایە بەوەی دەبێت لەناوە و دەرەوە لەشەڕدابێت . 

ئەوەی ئەردۆغان لە لیبیا و سوریا و عێراق دەیكات بەتەنیا خەون و خولیای تاكەكەسی خۆیەتی، یان ئەوە سیاسەتی توركیایە وەك دەوڵەت و هەموو پارتە سیاسییەكان لەسەری هاوڕان لەناویاندا پارتە بەرهەڵستكارەكان؟

بەرهەڵستارەكانی پارتی دادو گەشەپێدان ، یان ئەوانەی لە ئەردۆغان جیابوونەوە وەك داود ئۆغلو و عەلی باباجان ، كە پارتی سیاسیی سەربەخۆیان دامەزراندووە ، هاوشێوەی كەمال كڵیچدار ئۆغلو ، بەروون و راشكاوی پشتیوانی سیاسەتە دەرەكییەكانی ئەردۆغان دەكەن ، بەتایبەتی لەناوچەكەدا . 

ئایا ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دژ بە سیاسەتەكانی ئەردۆغانن لە پەیوەندی بە جیهانی عەرەبی و سەركەشییەكانی ؟ ئایا دژی ئەوەن سوپای توركیا رەوانەی دەرەوە بكرێت ؟ ، ئایا بەڕەهایی دژی دەستتێوەردانن لە كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبیدا  و دەیانەوێت دەست لە دوژمنایەتی وڵاتانی وەك میسر و سعوودییە و سوریا و یەمەن و عێراق و ئیمارات هەڵبگرێت ، یان تەنیا لە شێوازەكەی لەگەڵی نین و بەڵام لەرووی پرەنسیپەوە هاورای ئەردۆغانن ؟. 

داود ئۆغڵو ، كە لە پارتی دادو گەشەپێدان جیابۆتەوە و لەدوای زیادبوونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەردۆغان پارتێكی سیاسیی دامەزراندووە ، لەمیانی لێدوانێكی لەبەرنامەی "٣٦ پلە" ی رۆژنامەی "جمهورییەت "ی توركی دەڵێت " دەبێت قسە لەسەر ئەوە بكەم كە لەپشتی پەردەوە دەگوزەرێت . رووبەرووبوونەوە لەنێوان میسر و توركیا لە لیبیا لەبەرژەوەندی توركیادا نییە ، بەڵام درووست نییە تەنیا لەبەرئەوەی میسر یان وڵاتانی تر دەیانەوێت لەو وڵاتە بكشێینەوە ، بەڵكو توركیا دەبێت هێز و تواناكەی بەداناییەوە بەكاربهێنێت ". 

هەروەك بەگوێرەی پێگەی "ئێستای توركیا " ، لەبەشێكی تری قسەكانیدا داود ئۆغڵو رووی دەمی لە ئەردۆغان كردووە و وتویەتی " پەیوەندییەكان لەگەڵ تونس و جەزائیر باش بكەن و پارێزگاری لە هێڵی جیهانی رۆژئاوا بكە ، فەڕەنسا بەتەنیا نوێنەرایەتی یەكێتیی ئەوروپا لەلیبیا ناكات ، بۆئەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیتالیا و ئەڵمانیا بەرەوپێش بەرە ، هەروەك ئاكامەكانی زیادبوونی رۆڵ و كاریگەریی ئەمەریكا  ورووسیا لەبەرچاو بگرە ، بەراشكاوی دابنیشە و قسە لەگەڵ رووسیادا بكەن و پێیان بڵێن كاتێك لە سوریا هەماهەنگین  ئەوە لە لیبیا تەقەمان لێمەكەن ، ئەگەر لەوبارەیەوە بەئەنجامیكی باش گەیشتن ، ئەوە ئەگەر پێویستی كرد لەگەڵ میسریش دابنیشە ". 

وەك تێبینی دەكرێت ، داود ئۆغلو دەرگای دەستتێوەردانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە ، بەجۆرێك لە شێوازی بەریەككەوتن لەگەڵ وڵاتانی تر جیاوازی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەیە ، نەوەك لەڕووی پرەنسیپەوە . 

عەلی باباجان هەموو دژایەتی ئەردۆغانی لە سیاسەتی ناوخۆدا چركردۆتەوە ، زۆر بەكەمیش باسی ئەوە دەكات كە سیاسەتە دەرەكییەكانی ئەردۆغان چی كارەساتێكیان خوڵقاندووە ، تەنانەت جارێكیان لێدوانیداوە و وتویەتی " دەوڵەت بۆ ئەوەی لە میكانیزمەكانی فەرمانرەواییكردندا بابەتە ئاینییەكان بەكاربهێنێت خۆی لە عەلمانییەت دووردەخاتەوە ، كە ئەوە كۆمەڵە بڕیارێكی هەڵەن وەك چۆن كاریگەرییان لەسەر ئاستی جەماوەری ئەردۆغان دەبێت ، بەهەمان شێوەش كار لە رۆڵی توركیا لەو سوریا و لیبیا دەكەن ". 

هەرچی كەماڵ كڵچدار ئۆغڵوی سەرۆكی پارتی گەلی كۆمارییە ، ئەردۆغان تۆمەتبار دەكات بەوەی بەهۆی هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ قەتەر و دوژمنایەتیكردنی میسر و سعوودییە ، خراپترین قەیرانی رووبەڕووی توركیا كردۆتەوە .  

ئەو هەڵبەز و دابەزە لە هەڵوێستی یار و نەیار ، جارێكی تر بۆ ئەو پرسیارەمان رووبەڕوو دەكاتەوە كە ئایا ئێمە تەنیا بەرانبەر بە بەرزەفڕییەكانی كەسێكین یان سیاسەتی دەوڵەتێك ؟. 

ئەردۆغان چیتر نیازی خۆی بۆ داگیركردنی هەرێمە عەرەبییەكان ناشارێتەوە ، بەڵكو بە روون و راشكاوی دەڵێت ئەو ناوچانە وا هەژمار دەكەن كە سەر بە توركیای عوسمانین ، بۆیە  بە مافی توركیای دەزانێت سوود لە سامان و سەرچاوە سرووشتیەكانی ئەو ناوچانە وەربگرێت ، بەشێوەیەك لەسەر كورسی خەلافەتەكەی دانیشتووە و بە دارەكەی دەستی ئاماژە بۆ ئەو ناوچانە دەكات كە دەبێت دەستیان بەسەردابگرێت . ئایا سەرجەم پارتەكانی تری توركیاش وەك نێچیر و دەستكەوت سەیری جیهانی عەرەبی دەكەن یان ئامادەن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەرەوەری یەكتر پەیوەندی دوولایەنەمان لەگەڵ بنیاد بنێن ؟.  

بەڵام پرسیاری هەرە گرنگ رووی لەخۆمانە ، ئایا سیاسەتەكانمان بەرانبەر بە توركیا بەشێوەیەكی ستراتیی دادەڕێژین ، بێلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كێ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی ٢٠٢٣ سەركەوتوو دەبێت ؟ ئایا هەڵویستێكی یەكگرتوو و هەماهەنگی بەكۆمەڵمان هەیە تاوەكو كارتێكی زۆر لەبەرژەوەندی خۆمان بەكاربهێنین ، یان هەركەسە و بەتەنیا مامەڵە دەكات ؟. 

سەرچاوە: شەرقول ئەوسەت
نووسینی: سوسن الشاعر
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی