شارپرێس:
كامی كەمال وتەبێژی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل راگەیەنراوێكی لەبارەی گرتنبەری رێكارە تەندروستییەكان و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.
لەراگەیەنراوەكە هاتووە، كە ئەوان بەپێی رێنمایی و بڕیارەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كار دەكەن و پرسی دیاریكردنی نرخی پشكنین و كەرنتینەكردن لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
هەر لەراگەیەنراوەكە هاتووە، بەپێی دوا بریاری وەزارەتی تەندروستی ژمارە (١٠٩) لە رێكەوتی (٣٠\٧\٢٠٢٠) بڕی ئەو پارەیەی، كە بۆ پشكنینی كۆرۆنا لە ھەر گەشتیارێك وەردەگیرێت لە (١٠٠,٠٠٠) سەد ھەزار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ (٦٠,٠٠٠) شەست ھەزار دینار.
باس لەوەش كراوە، بەم نزیكانە ئامادەكاری بۆ میكانیزمی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دھۆك لەبارەی پشكنینی شوفێری ئەو بارھەڵگرانەی، كە لە توركیاوە دێن تەواو دەبێت و لە دوای جێبەجێكردنی رێكاری تەندروستی پێویست، ئەو شوفێرانە دەتوانن وەك پێشتر بێنە ناو ھەرێمی كوردستانەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەكەدا جەخت لەوەش كراوەتەوە، كە بەپێی بڕیارەی وەزارەتی تەندروستی بۆ پشكنینی ھەر شۆفێرێكی ئۆتۆمبیلی بارھەڵگر بڕی (٣٠,٠٠٠) سی ھەزار دینار وەردەگیرێت.
هـ ـ ح
