زاهی حەواس لەبارەی هەڕەەمەكانەوە وەڵامی ئیلون ماسك دەداتەوە

هەمەڕەنگ

04/08/2020‌ 620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
زاهی حەواسی زانای شوێنەوارناسی میسری لێدوانەكانی ئیلون ماسكی ملیاردێری ئەمەریكی و خاوەنی كۆمپانیای تێسلا دەربارەی هەڕەمەكانی میسر بەهەڵە دەزانێت و دەڵێت: هەڕەمەكانی میسر بەتەواوەتی پرۆژەیەكی نیشتمانی میسرییەكان بووە.

حەواس لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە هەڕەمەكانی میسر لەسەر دەستی خودی میسرییەكان بنیانراوە، بۆ ئەوەش چەند بەڵگەیەك دەخاتە روو.

ئەو زانا شوێنەوارناسە میسرییە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بەڵگە زمانەوانییەكانی ناو گۆرەكان، بەڵگەن لەسەر خۆفۆ و هەڕەمەكە، جگە لەوەی لەناو هەڕەمە گەورەكەدا نووسراو وهەڵكۆڵراو هەیە پێمان دەڵێت كێ ئەو هەڕەمانەی بنیادناوە.

هەروەك دەڵێت: رەمسیسی دووەم، كە لە شەرقییە بووە، میسری بووە.. هەموو خێزانەكەی لە دەلتاوە فەرمانرەوایی میسریان كردووە.

لەماوەی رابردوودا، ئیلوون ماسك لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پۆستێكی كرد و تێیدا وتی: ئاشكرایە كە هەڕەمەكانی میسر بوونەوەرە ئاسمانییەكان درووستیان كردوون.

ماسك باسی لەوەش كردووە، رەمسیسی دووەم بوونەوەرێكی ئاسمانی بووەو وتی: بەپێی گوزارشتەكانی رووخساری دەردەكەوێت، كە چاویلكەیەكی رەشی پێوەیەو ئەوەش هەمان شكڵ و شێوەیە، كە بانگەشە بۆ رووخساری بوونەوەرە ئاسمانییەكان دەكرێت.

تویتەكەی ئەو ملیاردێرە ئەمەریكییە بووە جێگای سەرنجی خەڵكێكی زۆر و بۆ ئەوەش داوایان كردووە ماسك لەوبارەیەوە روونكردنەوە بدات، بەڵام ئەو هیچ وردەكارییەكی تری باس نەكردووە.

هەرەمەكانی میسر، كە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی فیرعەونەكانی میسر درووستكراوەو بووەتە مەتەڵێك و هێشتا زانایان لەبارەی نهێنییەكانەوە دۆش داماون و ناتوانن بەتەواوەتی لەمێژوو و دۆخی دروستكردنی و چۆنێتی دروستكردنی تێبگەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی