بەیروتی پایتەختی لوبنان بە ''ناوچەی كارەساتبار'' راگەیەندرا

جیهان

05/08/2020‌ 843 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی، كە لە بەندەری بەیروتی پایتەختی لوبنان روویدا، ئەنجوومەنی باڵای بەرگری ئەو وڵاتە شارەكەی بە ''ناوچەی كارەساتبار'' راگەیاند.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئەنجوومەنی باڵای بەرگریی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركۆماری لوبنان، میشێل عەون لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی تەقینەوەكە پێكهێنراوە و لیژنەكە لەماوەی پێنج رۆژدا، راپۆرتێك ئامادە دەكات.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە، كە بەیروت بە ''ناوچەی كارەساتبار'' راگەیەندراوەو داواش لە ئەنجوومەنی وەزیران كراوە باری نائاسایی لەشارەكە رابگەیەنێت.

بەر لە كۆبوونەوەكەش، سەرۆك كۆماری لوبنان، میشێل عەون لە لێدوانێكیدا باسی لەوە كرد، كارەساتێكی گەورە لە لوبنان روویداوە و ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیەش گرتنەبەری رێكارە یاسایی، ئەمنییەكان و هاوكاریكردنی خەڵكە.

میشێل عەون باسی لەوەش كرد، كە پێویستە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكرێت و بەرپرسیارانی بدۆزرێنەوە، ئەوەشی خستەڕوو لە سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و بیانییەوە پەیامی پشتیوانیان پێگەیشتووە.

هەروەها وەزیری تەندروستی لوبنان، حەمەد حەسەن باسی لەوە كردبوو، كە لە تەقینەوەكەی بەیروت-دا، ٦٣ كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ هەزار كەسیش برینداربوون.

هاوكات سەرۆكوەزیرانی لوبنان، حەسان دیاب بەهۆی تەقینەوەكەوە ئەمڕۆ چوارشەممەی بە ''پرسەی نیشتمانی''ی لە وڵاتدا راگەیاند.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، تەقینەوەیەكی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و زیانی گیانی و ماددی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەم تەقینەوەیە لە كاتێكدایە، ناوەندی عەرەبی و نێودەوڵەتی لەچاوەڕوانی دەرچوونی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی تاوانن لەبارەی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری لوبنان، رەفیق حەریری، كە رۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠٠٥ لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو كوژرا.


هـ ـ ح