جیفری كار بۆ ئەوە دەكات بڕیارەكانی ئەمریكا لەبەرژەوەندی توركیا بێت

جیهان

06/08/2020‌ 1979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مایكڵ رۆبن، بەرپرسی پێشوو لەوەزارەتی بەرگری ئەمەریكا و توێژەر لەپەیمانگای "ئەمێریكان ئینتەرپرایز" دەڵێت: جەیمس جێفری و چەند بەرپرسێكی تری ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رۆڵیان هەبووە لەوەی هەڵویستەكانی ئەمەریكا لەجیهاندا، كە لە بەرژەوەندی توركیادا بێت.

مایكڵ رۆبن دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی لەرابردوودا كەسانێك هەبوون لەناو ئیدارەكانی ئەمەریكادا دۆستی توركیا بوون، بەڵام لەهەرگیز لەمێژووی ئەمەریكا لایەنداری بەو جۆرەی بەخۆوە نەبینیوە، بەشێوەیەك پشتیوانی جێفری لەتوركیا هەموو سنوورێكی تێپەڕاندووە.

بەقسەی رۆبن بابەتەكە هەر لە دۆسییەی سوریادا كورت نەبووەتەوە، بەڵكو لە دۆسییەكانی تری وەك قوبرس و یۆنان و عێراق و ئەرمینیاش، ئەو كەسانە پشتیوانی لە هەڵوێستی دوژمنكارانەی ئەمەریكا دژ بە نەیارەكانی توركیا دەكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، بەهۆی چەواشەكارییەكانی ئەو بەرپرسانەوە، حكومەتی ئەمەریكا لە سیاسەتەكانی بەرانبەر بە یۆنان هەڵەی گەورە دەكات.

رۆبن ئاماژەی بە بەرپرسێكی تری ناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كردووە، كە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێكی تورك كردووە و بەزمانی توركیش قسە دەكات، مایكڵ روونیكردووەتەوە، كە ئەو كەسە زۆر لە توركەكان توركانەتر رەفتار دەكات.

بەپێی سەرچاوەكان ئەو كەسەی مایكڵ رۆبن ئاماژەی بۆ كردووە ریچارد ئۆتسنە، كە لەپاڵ جەیمس جێفری رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە كێشانی سیاسەتی دەرەەی ئەمەریكا بەشێوەیەك لەبەرژەوەندی توركیادا بێت، هەروەك چۆن ئەو دوو بەرپرسە ئەمەریكییە كاریان لەسەر ئەوە كردووە، كە ئاستەنگ بۆ هەر هەوڵێك دروست بكرێت، كە مەبەست لێی سزادانی توركیابێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان دەدات .

مایك رۆبن ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە سروشتی سەرۆك ترامپ بەوەی زۆر گوێ بەپرۆتۆكۆلە دیبلۆماسییەكان نادات، هۆكار بووە بۆ ئەوەی هەوڵە زۆرەكانی جیفری بۆ كاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی ئەمەریكا بۆ بەرژەوەندی توركیا وەك پێویست نەبێت، چونكە وەك رۆژنامەنووسی ئەمەریكی سیس فریدمان باسی لێوە كردووە، كە ترامپ لەژیانیدا لەبارەی دۆخی سوریاوە پرسی بە جیفری نەكردووە.

پێشتریش جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لەكتیبەكەدا، كە لەمدواییەدا بڵاویكردەوە، باسی لەوە كردبوو، جیفری نەخشەڕێگایەكی ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی رێگە بە توركیا بدرێت هەموو سنووری نێوان توركیا و سوریا داگیر بكات، بەڵام بەپێی گیرانەوەكەی بۆڵتۆن، ترامپ سەیری نەخشەرێگاكەی نەكردووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ  ئاڵی