سنوری هەژموون لەنێوان سعودییە و ئێراندا دیاری دەكرێت

مەلەفی تایبەت

08/08/2020‌ 1054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ململانێی نێوان سعودییەو ئێران لەناوچەكە"، ناونیشانی راپۆرتێكی (ئیغۆر سوبوتین)ە لەگۆڤاری "نیزافیسیمایا غازیتا" بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی ئەگەری كردنەوەی كەناڵی گفتوگۆ لەنێوان سعودییەو ئێران و دیاریكردنی سنووری هەژموونیان لە ناوچەكەدا.

بەپێی راپۆرتەكە، پاكستان بەشدارە لە خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان سعودییەو ئێران، ئەمەش لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی جەزیرەدا هات لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پاكستان (عمران خان). 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆر كەناڵی پەیوەندی هەیە بۆ نێوەندگیریكردن لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

لەو بارەیەوە، شارەزا لە ئەنجوومەنی كاروباری نێودەوڵەتی روسی (نیكیتا سماغین)، كە نیشتەجێی ئێرانە وتی: گەڕان بەدوای كەناڵی نێوەندگیری لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تاران پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵیان نییە، پرسێكی كرۆكییە لە سیاسەتی ئێراندا. 

وتیشی: دیارە كەناڵی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریكادا هەیە، بۆ نموونە، بالیۆزخانەی سویسرا. شانشینی سعودییەش لەمە بەدەر نییە لە رێگەی كارلێكردنەوە.

سماغین باسی لەوەش كردووە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ سیاسەتی فشاری توندی پەیڕەو كرد، ئێران بڕیاری خۆیدا: "مادام ناتوانرێت لەگەڵ ئەمریكا بگاتە رێككەوتن، ئەوەشی روونە كە ناتوانێت، ئەوا بەلای كەمەوە هەوڵی ئەوە دەدات سعودییە بەجۆرێك لە رێككەوتن قایل بكات".

بەڵام، بەگوێرەی قسەی ناوبراو، لەكاتی دەست پێكردنی دانوستان لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا، رەنگە پێشنیارێك بكات، قورس بێت بۆ سعودییە، كە قبوڵی بكات، ئەویش ئئەوەیە، تاران هەوڵی دیاریكردنی سنووری هەژموون دەدات لەناوچەكەدا، لەسەر بنەمای دۆخی ئێستا و بە دووریش دەزانرێت ئێران دەستبەرداری پێگەكەی خۆی بێت لە ناوچەكەدا.

سماغین ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هەژموونی ئێران لە سوریا یەمەن و عێراق رەگی داكوتاوە، رەنگە یەمەن تەنیا ئاراستە بێت ئێران ئامادە بێت پاشەكشەی لێ بكات بە جۆرێك لە جۆرەكان، بەڵام مەرجەكانی بۆ سعودییە شیاو نابێت. 

وتیشی: لەبەر ئەوەیە، گفتوگۆ بەدوور دەزانرێت، لەگەڵ ئەوەشی بەردەوام ئێران رایگەیاندووە ئامادەیی ئەوەی تێدایە لەگەڵ سعودییە رێكبكەوێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا