ئامانجی كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی

کوردستان

11/08/2020‌ 807 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات نیگەرانییەكانی دەگەیەنێتە ئەو حیزبەو داوای چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیشیان دەكەن.

مەكتەبی سیاسی پارتی‌و دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی رۆژی سێ‌ شەممە لەهاوینەهەواری دوكان كۆدەبنەوە، كە سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئامانجی كۆبوونەوەكەی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد.

بەپێی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، یەكێتی نیگەرانە لەوەی لەبڕیاری سیاسی هەرێمی كوردستان بەشداری پێناكرێت‌و ئەو نیگەرانییەش بەفەرمی دەگەیەنێتە شاندەكەی پارتی دیموكرات، هاوكات باس لەوەش دەكەن، كە ئەو رێككەوتنەی لەنێوانیان هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت جێبەجێنەكراوەو داوای جێبەجێكردنیشی دەكەن.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، یەكێتی لەئەدای حكومەتی هەرێم‌و تەنانەت كارەكانی پەرلەمانی كوردستانیش نیگەرانەو دەیەوێت لەو بارەوە لەگەڵ شاندەكەی پارتی گفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی بەهەردوولایانەوە چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە.

سەرچاوەكە باسی لەوەش كرد، پرسی كێشەكانی ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان عێراق‌و هەرێم‌و كێشەكانی هەولێرو بەغداش، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی رۆژی سێ‌ شەممەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی دەبێت.

سەرچاوەكەی شارپرێس جەختی لەوەش كردەوە، كە شاندەكەی یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە باس لەوە دەكەن، دەبێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت‌و هەموو پرسەكان یەكلابكرێتەوە.

كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە، ماوەیەكە لەسەر چەند كێشەیەك ناكۆكی لەنێوان هەردوو حیزب هەیەو بەو هۆیەشەوە نەیانتوانیوە، كۆبوونەوە ئەنجامبدەن.

پێشتریش سەرچاوەیەك لەمەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبوو، كە دەستپێكردنی ئەو كۆبوونەوانە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردوولایە و لەیەكەم كۆبوونەوەشدا گوێ لەپێشنیازی یەكتری دەگرین و دواتریش كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت، بۆ ئەوەی قسە لەسەر كێشەكان بكرێت بە مەبەستی چارەسەركردنیان.

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەگەڵ ھاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باڤڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە، ئەمەش وەك سەرەتایەك بوو، بۆ ئەوەی ھەردوولا كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.

بەپێی سەرچاوەكان، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێك ھاتووە لەھۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

هەروەها شاندی یەكێتی نیشتمانیش لەهەریەكە لەرزگار عەلی‌و شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و خەسرەو گۆڵ محەمەد ئەندامی سەركردایەتی پێكدێن.

 هـ ـ ح