هەڵوێستی سعودیە لە بەرامبەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا

ڕاپۆرت

16/09/2020‌ 1001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەندێك لە چاودێران پێیان وایە شانشینی سعودیە لە سەردەمی شا سەلماندا، پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی ناكاتەوە ، بەڵكو ئاساییكردنەوەكە دەكەوێتە دوای فەرمانڕەوایی شاسەلمانەوە.

هەندێك چاودێریش وای دەبینن كە ڕێككەوتنی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین، هەلێكە بۆ سعودیە تاوەكو ڕای شەقامی وڵاتەكەی بزانێت سەبارەت بەو دوو ڕێككەوتننامەیە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

بەشێك لە چاودێران دەڵێن: ووتارەكەی عەبدولڕەحمان سودەیس- ی پیشنوێژ و ووتارخوێنی حەرەمی مەككە لە 5 ی سێبتێمبەری ئەم مانگەدا، كە سێ هەفتە دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی نێوان ئیسڕائیل  لە لایەك و هەر یەك لە بەحرەین و ئیماڕات ڕاگەیەندرا، هەوڵ و گوێهەڵخستنێكە بۆ زانینی هەست و خوست و بۆچوونی شەقامی سعودی، ڕێخۆشكەرێكیشە بۆ گۆڕینی ئاراستەی ووتار و هەڵوێستی سعودیە لە بەرامبەر ئیسڕائیلدا.

سودەیسی لە ووتارەكەیدا باسی ئەوەی كرد چۆن محەمەد پێغەمبەر (د.خ)  چاكەی لەگەڵ هاوسێ جووەكەی كردووە، وتیشی ئەمە ناكۆك و دژ نییە لەگەڵ دۆستایەتیكردنی كەسانی ناموسوڵمان و مامەڵە لەگەڵكردنیان بە شێویەكی باش و نەرمونیان، تاوەكو لەو ڕێگەیەوە سەرنجیان بەلای ئاینی ئیسلامدا ڕابكێشین و موسوڵمانبن.

هەر چەندە بە دوور دەزانرێت لە ئێستادا سعودیە شوێنپێی هەریەك لە ئیماڕات و بەحرەین هەڵگرێت، بەڵام دەكرێت ووتارەكەی سودەیسی دەروازەیەك بێت كە لەمەودوا سعودیە ووتار و هەڵویستی خۆی لە بەرامبەر ئیسڕائیلدا بگۆڕێت، ئەمەش پرسێكی ئێجگار هەستیارە بۆ كۆمەڵگای سعودی و چاوەڕوانكراویش نەبووە سعودیە ئەو ئاراستەیە بگرێتەبەر.

پێشنوێژ و ووتارخوێنی حەرەمی مەككە لە دیارترین ئەو كەسایەتییانەیە كە لە بە فرمانی شای سعودیەوە دادەنرێت و گوزارەش لە بیرو و بۆچوونی دامەزراوەی ئاینی كۆنەپارێز و دیوانی شانشینی سعودیە دەكات.

پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی تەلئەبیب لەگەڵ هەریەك لە ئیماڕات و بەحرەین، پرسێكی چارەنوسسازە بۆ ئیسرائیل و دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا، تڕەمپ- یش دەیەوێت لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەمریكادا سوودی لی وەرگرێت. پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب- یش، خەڵاتێكی دبلۆماسی گەورەیە بۆ ئیسڕائیل، چونكە شای سعودیە هەڵگری نازناوی خزمەتكاری دوو حەرەمە پیرۆزەكەیە، فەرمانڕەوایی دەوڵەتێكیش دەكات كە گەورەترین دەوڵەتی هەناردەكەری نەوتە لە جیهاندا.

ماڕك ئۆین جۆنز- ی ئەكادیمست لە پەیمانگای عەرەبی ئیسلامی لە زانكۆی ئیكستر لەو بارەوە وتی: ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەك لە ئیماڕات و بەحرەین، وا دەكات سعودیە هەست و خوستی ڕای گشتی وڵاتەكەی لەمەڕ ئەو پرسە بزانێت، بەڵام واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئەركێكی قورسە بۆ شانشینی سعودیە.

جۆنز ئەوەشی گوت كە ئەو ووتارەی پێشنوێژی حەرەمی مەككە، گوزارە لە هەڵوێستی فەرمی سعودیە دەكات، لەو ڕێگەیەشەوە دەیانەوێت بزانن شەقام و جەماوەری وڵاتەكەیان هەڵوێستیان چۆن دەبێت.

گەروە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی واشنتۆنیش وتی: ئەمریكا گەشبینە بەوەی پەیوەندییەكانی تەلئەبیب لەگەڵ دەوڵەتانی كەنداودا بەرەو باشی چووە، پێشی وایە ئەمە بەرەوپێشچوونێكی ئەرێنییە، ئێمەش برەو بەو هەنگاوە دەدەین.

كاردانەوەی سعودییەكان بەرامبەر ئەو هەڵویستەی ووتاربێژی حەرەمی مەككە جۆراوجۆر بوون، هەندێك پشتیوانیان لێكرد و پێیان وابوو هەڵوێستەكە بەرجەستەی بنەما سەرەكییەكانی ئیسلام دەكات، وتیشیان كە ئیسڕائیل دەستدرێژی نەكردۆتە سەر وڵاتەكەیان، بەڵام ئێران هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی سعودیە دەكات. هەندێكی دیكەش لە تویتەر ووتیان كە هەڵوێستەكەی سودەیسی "وتاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە". زۆرینەی ئەوانەش كە قسەیان لەوبارەوە كرد، یان سعودییەكانی دەرەوەی وڵات بوون یان بەرهەڵستكارانی ڕژێمەكەی سعودیە بوون.

تەلەفزیۆنی ڕۆیتەرز لەوبارەوە بۆچوونی ژمارەیەك هاوڵاتی شەقامی سعودیەی وەرگرتووە، یەكێكیان كە ناوی عەلی سەلمانە سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بەحرەین لەگەڵ  ئیسڕائیلدا وتی: قورس و گرانە ئەو بیرۆكەیە بە سرووشتی بزانین و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بكەین و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی كەنداوییەكان لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە كارێكی سرووشتی بزانین. وتیشی سەختە لە ماوەیەكی كەمدا ئەو پرسە قبوڵ بكەین، چ بۆ گەلی بەحرێنی یان دەوڵەتێكی كەنداو یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی… لەوانەشە لە ئایندەدا بتوانین ئەو بیرۆكەیە هەرەس بكەین.

محەمەد بن سەلمانی جێنشینی پاشای سعودیە لە چوراچێوەی چاكسازییە ناوخۆییەكانیدا، بەڵێنی ئەوەی داوە برەو بە گفتوگۆی نێوان ئاینەكان بدات، پێشتریش گوتوویەتی مافی ئیسڕائیلییەكانە لەسەر خاكی خۆیان بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئەمەش بەو مەرجەی ڕێككەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا واژۆ بكەن.

چەند پێنوێنێكی دیكەش بەدەركەوتوون كە سعودیە بەرە بەرە كار بۆ ئەوە دەكات گەلەكەی لەسەر بیرۆكەی ئاساییكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕابێنێت، یەكێك لەو هەنگاوانش پیشاندانی زنجیرە درامای "ئوم هاڕون" ە كە تەلەفزیۆنی (ئێم بی سی) پەخشی كردووە و باس لە ژیانی سەختی دایەنێكی جوو دەكات. بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستنی ڕەخنەی توندی لەو درامایە گرتووە و پێ وایە پەرە بە سۆزداری بەرامبەر جووەكان دەدات.

كەناڵە ئاسمانییەكە ڕایگەیاند كە دراماكە پڕبینەرترین دراما بووە، پەیامی دراماكەش سیاسی نییە، بەڵام شارەزا دبلۆماسییەكان پێیان وایە ئەمەشیان پێنوێنێكە لە گۆڕانی هەڵویستی سعودیە بەرامبەر ئیسڕائیل.

لەمساڵدا و ماوەیەك پێش ئێستا، محەمەد ئەلعیسا وەزیری پیشووی سعودیە  و ئەمینداری گشتی ڕایەڵەی جیهانی ئیسلامی سەردانی شاری ئۆشفیتز- ی كرد، لە یۆنیۆی ڕابردووش بەشداری كۆنگرەیەكی كرد كە لە لایەن ڕێكخراوی (لیژنەی ئەمریكی – یەهودی) یەوە ڕێكخرابوو، لە كۆنگرەكەدا ئەلعیسا داوای كرد جیهانێك بخولقێنن كە بە دوور بێت لە "ترس لە ئیسلام و دژایەتیكردنی سامییەت".

نیل كویلیام- ی توێژەر لە دامەزراوەی "تشاتام هاوس" لەو بارەوە وتی: بە دڵنییایەوە محەمەد بن سەلمان شێلگیرە لەسەر تازەگەری لە ووتاری ئاینی دامەزراوە ئاینییەكانی وڵاتەكەیدا، زۆریش نزیكە بەشێك لەو هەڵوێستە تازەیە بكاتە پاساوێك بۆ گرێدانی هەر ڕێككەوتننامەیەكی ئایندە لەگەڵ ئیسڕائیلدا، ئەمەش پێشتر هەرگیز چاوەڕوانكراو نەبووە.

هەر چەندە سعودیە ڕاستەوخۆ باسی لە هەردوو ڕێككەوتننامەكەی نێوان ئیسڕائیل و بەحرەین و ئیماڕات نەكردووە، بەڵام ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كە پابەندی بنەماكانی پێشدەستی ئاشتی عەرەبییە.

ئەو پێشدەستییە داواكارە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بكرێنەوە و لە بەرامبەریشدا دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ ئیسڕائیلییەكان دابمەزرێت و ئیسڕائیلیش لە تەواوی ئەو خاكەی فەڵەستین بكشێتەوە كە لە جەنگی 1967 داگیری كردن.

هەنگاوێكی دیكەی نیازپاكی سعودیە بەرامبەر ئیسڕائیل ئەوە بوو كە ڕێگەی بەوەدا گەشتە ئاسمانییەكەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات بە ئاسمانی وڵاتەكەیدا تێپەرێت. گاری كۆشنەری زاوا و ڕاوێژكاری تڕەمپ كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیەدا هەیە، ستایشی ئەو هەنگاوەی ڕیازی كرد.

دبلۆماتكارێكی سعودیش لەوبارەوە وتی: ئەو پرسە بۆ سعودیە هەستیارە، بەو پێیەی وڵاتەكەی دۆخێكی ئاینی تایبەتی هەیە لە جیهانی ئیسلامیدا، گرێدانی ڕێككەوتننامەیەكی ئاشتیش لەگەڵ ئیسرائیلدا كاتێكی زۆری دەوێت، بۆیە بە دووری دەزانم لە سەردەمی شا سلێماندا ڕوو بدات. 

دبلۆماتكارە سعودیەكە باسی لەوەش كرد: كە هەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسڕائیل لە لایەن سعودیەوە، دەرگاكانی بەردەم ئێران و قەتەر و توركیا واڵا دەكات، تاوەكو پرسی دوو حەرەمە پیرۆزەكە بكەنە پرسێكی نێودەوڵەتی. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر