ئەگەری هاوپەیمانیەكی تازە لەنێوان هەولێرو بەغدا لەئارادایە

مەلەفی تایبەت

15/10/2020‌ 3883 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سازانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی بەغداو دسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان ڕێخۆشكەرەوە بۆ هاتنەئارای هاوپەیمانییەكی سیاسی سێ قۆڵی لەنێوان سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك كۆمارو دەسەڵاتدارانی هەرێم، مستەفا كازمی لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر پێویستی بەو هاوپەیمانییە هەیەو ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكاش پاڵپشتی لێدەكات.

پێدەچێت كێشمەكێشم‌و ململانێى چەند ساڵی پێشوی نێوان حكومەتی بەغداو دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرەو هێوربونەوە بچێت كە لەسەر چەند پرسێكی دیاریكراو ناكۆكبون، مستەفا كازمی‌و د.بەرهەم ساڵح‌و بنەماڵەی بارزانیش كارەكتەری سەرەكی ئەو هاوپەیمانییە تازەیەن كە خەریكە گەڵاڵە دەبێت.

نزیكبونەوەی ئەو سێ جەمسەرە، چەند ڕێككەوتننامەیەكی خێرای چاوەڕواننەكراوی لێكەوتۆتەوە سەبارەت بەچارەسەركردنی چەند پرسێكی ئەمنی كە پێشتر سەخت‌و دژواربون، سیاسییەكی عێراقیش پێیوایە، ڕێككەوتن لەسەر پرسە داراییەكانی نێوان هەردولا، باشترین چارەسەرە بۆ قۆناغی ئێستا‌و ئایندەی عێراق.

ئەو سیاسییە بۆچونى وایه‌، باشبونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی هاوپەیمانییەكی سیاسی تازە كە بتوانێت گرفتە جۆراوجۆرەكان چارەسەربكات‌و پرسی هەڵبژاردنی ئایندەش تیپەڕێنێت، مستەفا كازمی بۆ پتەوكردنی شوێن پێی خۆی لەحوكمڕانیداو ئەنجامدانی چاكسازی ڕیشەیی كە لایەنە شیعەكانی نزیك لەئێران حەزی پێناكەن، پێویستی زۆری بەو هاوپەیمانییە سیاسییە هەیە.

هەندێكیش پرسیار لەڕۆڵی ئەمریكا دەكەن بۆ لێكنزیككردنەوەی هەرێم‌و بەغدا، چونكە ئەمریكا پێویستی بەوەیە دۆخی عێراق ئارام بێت، بەتایبەتیش لەئێستادا كە ململانێ لەگەڵ ئێران‌و میلیشیا شیعەكانی نزیك لەئێران بەرەو هەڵكشان چوە، بەڕادەیەك ئەمریكا هەڕەشەی لەعێراق كردوە كە باڵیۆزخانه‌كه‌ى لەبەغدا دادەخات.

هەندێكى دیكه‌ش پێیانوایە، واشنتۆن لەئێستادا هه‌وڵى ئەوە ده‌دات بەغداو هەولێر لێكنزیك كاتەوە، چونكە پێویستی بەعێراقێكى ئارام هەیە، هۆكارەكەش هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان‌و واشنتۆن‌و تارانە لەسەر خاكی عێراق، ئێرانیش لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانی نزیك خۆی، گێچەڵ بەهێزەكانی ئەمریكا دەكات لەعێراقدا، ئامانجی تارانیش لەوكارە وەدەرنانی سوپای ئەمریكایە لەعێراقدا.

سیناریۆی شكستی ئەمریكا لەعێراق ئەگەرێكی دورە، لەخراپترین حاڵەتیشدا ئەمریكا هێزەكانی لەناوچەكانی عێراق دەكێشێتەوەو  لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێگیریان دەكات، ئەمەش پێویستی بەوەیە دۆخی هەرێم لەڕوی سیاسی‌و ئەمنییەوە هێمن‌و ئارام بێت‌و گیرۆدەی تەنگژەی دارایی نەبێت هەروەك لەئێستادا بەدەستییەوە دەناڵێنێت‌و قەرزەكانی گەیشتونە نزیكەی 32 ملیار دۆلار.

سێشەممەی ڕابردوو بیرۆكەی دامەزراندنی كۆمپانیایەك بۆ بەڕێوەبردن‌و دەرهێنان‌و هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستان تاووتوێكراوە، بۆیە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا باشترین ڕێگەچارەیه‌ بۆ بەردەوامبونی مانگی هەنگوینی ئێستای نێوان هەولێر‌و بەغدا.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراقیش لەوبارەوە وتویه‌تى:"هەردوو حكومەتی ئیتحادی‌و هەولێر گەرەكییانە بەگوێرەی دەستور چارەسەرێك بۆ پرسی بەرهەمهێنان‌و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بدۆزنەوە".

لەڕوی ئەمنیشەوە سەركردە ئەمنی‌و سەربازییەكانی هەردولا لەسەرئەوە ڕێكەوتون دوو بنكەی هاوبەشی سەرەكی  هەماهەنگی نێوانیان لەبەغداو هەولێر بكەنەوە.

فەرماندەی گشتیی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراقیش لەبەیاننامەیەكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، بەمەبەستی هەماهەنگی سەربازیی‌و كاری هاوبەش، كۆبونەوەیەكیان لەگەڵ بەرپرسیانس سەربازی هەرێمی كوردستان ڕێكخستوە بۆ تاووتوێكردنی پرسە هاوبەشە ئەمنییەكانی نێوانیان‌و بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەكانى داعش.

سەرچاوە عێراقییەكانیش باس لەوەدەكەن، خەریكە حكومەتی ئیتحادی هەڵوێستی خۆی لەبارەی پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەگۆڕێت كە لەساڵی 2017 بەهۆی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەوە پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان وەدەرنرا.

ئەو سازانەی نێوان هەرێم‌و بەغدا بەدڵی هەندێك لەسەركردەو هاوپەیمانەكانی ئێران نییە لەعێراق، چونكە پێیانوایە، ئەم لێكنزیكبونەوەیه‌ى كازمی‌و سەرانی هەرێم لەسەر هەگبەو كەوڵی ئەوانەو لەبەرژەوەندی ئەمریكادایەو دژ بەهەژمونی ئێرانە لەعێراقدا.

سەبارەت بەدوا ڕێكەوتنی نێوان هەرێم‌و بەغدا لەسەر  كۆتاییهێنان بەگروپە چەكدارەكانی شەنگال بەگروپەكانی حەشدی شەعبیشەوە لەخۆرئاوای موسڵ، قەیس خەزعەلی وتی:"ئەم ڕێككەوتنە موجامەلە سیاسی‌و بەخششێكی هەڵبژاردنە".

وه‌رگێڕان: لوقمان حاجى قادر
سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلیكترۆنی عەرەب