شارپرێس:
شیکەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، ماکس بۆت هۆشداریدا لەکشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا لە عێراق و ده‌ڵێت، له‌وكاته‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا خشته‌یه‌كیان بۆ كشانه‌وه له وڵاته‌كه ئاماده‌كردووه، چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران پلانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی عێراقیان داڕشتووه.
لەم دواییانەدا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئەمریکا پلانی ئەوەی ڕاگەیاند، کە ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق لە 5200 سەربازەوە بۆ 3 هەزار سەرباز کەم ده‌کاتەوە، لە کۆتایی مانگی ئەیلولیشدا مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغدا کرد بە تەواوەتی، ئەگەر هێرشەکانی گروپه چه‌كداره‌كان بەردەوام بێت.
لە شیکردنەوەیەکدا ماڵپەڕی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئه‌مریكا، کە پەیمانگایەکی توێژینەوەی سەربەخۆیە و باره‌گاكه‌ی لە نیویۆرکە، ماکس بۆت دەڵێت، کە ڕەنگە ئەوە بۆ ئەمریکا ماناداربێت كه له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێرانه‌وه هێرشده‌كرێته سه‌ر پێگه دیپلۆماسییەکەی لە بەغداد، به‌ڵام کشانەوەی ته‌واوه‌تی له عێراق لە ڕاستیدا بە تەواوی ئەوەیه كه ئێران دەیەوێت، بۆیه به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا كاریگه‌ری ئێران و گروپه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت، سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆكان و سزا سه‌پێندراوه‌كانی سه‌ر تاران.
"ئێران هەوڵ دەدات عێراق بکات بە لوبنانێکی تر"
ئه‌و توێژه‌ره وتیشی: "ئێران هەوڵ دەدات عێراق بکات بە لوبنانێکی تر، ڕێگا دەدات تیرۆر له وڵاته‌كه‌دا گه‌شه بكات، له لوبناندا حیزبوڵا ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ی ئێران جێبه‌جێ ده‌كات، لە عێراقیشدا حزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاران ده‌كه‌ن".
بۆت، شیکردنەوەیەکی پێشتری بۆ نەخشەی کاریگەری میلیشیاکانی ئێران بەکارهێناوە كه لەلایەن توێژەری کۆچکردووی عێراق هیشام هاشمی ئه‌نجامدراوه، كه بۆی دەرکەوتووه "ملیلیشیاكان وردە وردە كار بۆ دەستگرتن بەسەر دەوڵەتدا ده‌كه‌ن، بەبیانوی ئاوەدانکردنەوە و ئاشتبوونەوە لەدوای شەڕی ناوخۆ، كه بەشێکە لەشەڕی تائیفی و تاوانێکی ڕێکخراو".
ئەو وتی: میلیشیاکان کۆنتڕۆڵی بەربڵاویان بەسەر زۆربەی ئابووری عێراقدا لە گومرگی فڕۆکەخانە، پرۆژەکانی بیناسازی، کێڵگە نەوتییەکان، ئاوەڕۆ، ئاو و ڕێگای گشتی و کۆلێژو موڵکی گشتی و تایبەت و شوێنە گەشتیارییەکان و کۆشکەکانی سەرۆکایەتی بەدەست خستووە.
هیشام هاشمی لە 6ی تەموزی ئه‌مساڵدا لە دەرەوەی ماڵەکەی خۆی لە بەغداد لەلایەن چەند چەکدارێکه‌وه تیرۆرکرا، تا ئێستاش بۆچونه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ن كه گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران ئه‌و كاره‌یان ئه‌نجامبدابێت.
بۆت وتی: دۆزینەوەکانی توێژەری عێراقی له‌لایەن حەسەن حەسەنی لێکۆڵەری ئەمنی سوری- ئەمریکییەوە گوێزرایەوە، کە دوو کاتژمێر پێش تیرۆرکردنی قسەی لەگەڵ هیشام هاشمی کردووە.
داعش لە ئاسۆدا
ماکس بۆت هۆشداریشی دا لە دژی قەدەغەکردنی گەڕانەوەی ئەو چه‌كداره داعشانەی کە پێی دەڵێن "داعش بۆ عێراق"، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ پێکهێنانی میلیشیای حەشدی شەعبی.
بەهۆی كۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە عێراق لە ساڵی 2017 دا، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵی کەمکردنەوەی چه‌كدارانی حەشدی شەعبی دەدات، کە زۆرینەی میلیشیا شیعەکان بوون، کە ئامادەبووییان بۆ شەڕکردن هه‌بووە لەگەڵ توندڕەوە سوننەکان (داعش).
مستەفا كازمی سەرۆکی پێشووی هەواڵگری عێراق، لە مانگی ئایاردا هەوڵیدا ببێتە سەرۆک وەزیران، دوای ناڕەزاییە جەماوەرییەکان لەسەر زۆری گەندەڵی و بێ‌کاری كه سه‌رانسه‌ری عێراقی گرتبووه‌وه.
ماکس بۆت شیکەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵی كازمی کرد لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، کاتێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 14 ئەندامی میلیشیای حزبوڵای عێراق ده‌رکرد، بەڵام دوای ئەوەی چەند چەکدارێک لە پیکابێكی بارهەڵگردا چوونە ناوچەی سەوزی بەغداد و لەوێ داوای ئازادکردنی گیراوەكانیان كرد، زۆربەیان ئازادکران.
باشترین گرەو
بۆت وتیشی: ئەمریکا دەبێت بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی مسته‌فا کازمی، کە لە دوای ڕووخانی سەدام حوسێنەوە، "چالاكترین سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌و كازمی باشترین گرەوه، نەک تەنها بۆ رێگریكردن له ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌كانی سه‌ر به ئێران، به‌ڵكو بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، كه له ئێستادا باس لە بوونی 10 هەزار چه‌كدار ده‌كرێت لە عێراق و سوریا و هاوكات یەدەگی دارایی بە لایەنی کەم به 100 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت".
بەوتەی ئەو شیکەرەوەیە، تا گروپه چه‌كداره‌كان زیاتر پشتیوانی بكرێن له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه و كۆنتڕۆڵی عێراق بكه‌ن، سوننەکانی عێراق زیاتر ڕوو لە گروپە توندڕەوە سوننەکانی وەک داعش دەکەن بۆ پاراستنی خۆیان، تا دەوڵەتی عێراق زیاتر بە ناتائیفی دەربکەوێت ئه‌وا زیاتر سوننەکان داعش ڕەتده‌کەنەوە.
ئه‌و توێژه‌ره هه‌روه‌ها رێنمایی ده‌داته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر پشگیركردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و راهێنان به هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق، هاوكات ئامۆژگاریی سەرکردە عێراقییەکان بكرێت و یارمەتییان پێشكه‌ش بكرێت تاوه‌كو نه‌كه‌ونه ژێر ركێفی ئێرانه‌وه.
هـ.م