لیژنەی دەستپاکی: دۆسییەی نوێی گەندەڵیمان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کردووه‌

عیراق

18/10/2020‌ 444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی لیژنەی دەستپاکی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، دۆسییەی نوێی گەندەڵی پەیوەست بەژمارەیەک وەزارەتەوە ڕادەستی دەستەی دەستپاکی کردووە.

سەباح تڵوبی ئه‌ندامێكی لیژنەی دەستپاکی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ئاژانسی ھەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لیژنەکەیان لێکۆڵینەوەکردن لە دەیان دۆسییەی نوێی بەجێ گەیاندووە و ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کردووە، پەیوەستە بە لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەکێتی بۆکسینگ وچەند دۆسییەکی دیکەی وەزارەتەکان لەنێویشیاندا کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و کارەبا و نەوت و تەندروستی و کشتوکاڵی و کۆمەڵەکانی جوتیاری لەگەڵ دۆسییەکانی پەیوەست بەپیشەسازییە ھایدرۆلیکییەکان ودۆسییەی دیکەی دەرمانی سامەڕا.

باسی له‌وه‌شكردووه‌: ھەندێک لەدۆسییەکان ڕەوانەی دەستەی دستپاکی کران دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان وھەندێکی تر پێویستی بەکاتێکی زۆرە بۆیە بۆ دەستەی دەستپاکی یان داواکاری گشتی بەرزدەکرێتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوەکردن.

سەباح تڵوبی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەوانەکران پەیوەستن بەگرێبەستەکان.

بەگوێرەی ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، عێراق پلەی 12هەمینی هەیە لە لیستی گەندەڵترینی وڵاتانی جیهان، كە جگە لە بیرۆكراتییەت، گەندەڵی یەكێكە لە ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم وەبەرهێنان لە عێراق .

لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەشی پێشووی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان‌و لیژنەی دەستپاكی لەسەر گەندەڵی لە كەرتی گشتی لەعێراق ئاشكرایكردووە، كە هەر فەرمانبەرێكی مەدەنی ساڵانە لانیكەم 4 بەرتیل دەدات بۆ ئەوەی ئاستەنگەكانی بەردەمی لابچن .

راپۆرتە فەرمییەكانیش باس لەوەش دەكەن، كە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003وە تائێستا زیاتر لە 450 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی براوەتە دەرەوە، كە دەكاتە چوار قاتی بودجەی ساڵێكی دەوڵەت و دووقاتی تێكرای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق .

بەگوێرەی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتی، ڕێژەی بێكاری لەناو چینی گەنجاندا بە نزیكەی 25% دەخەمڵێنرێت، لەكاتێكدا كەرتی گشتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا جێگای بەگەرخستنی هەموو دەرچووانی زانكۆ بوو، ئێستا تووشی هەڵاوسان بووە چیتر ناتوانێت ئەو دەرچووانە وەربگرێت .

بۆیە دەرچووانی زانكۆكان بەشێوەیەكی نیمچە رۆژانە پەنا دەبەنە بەر خۆپیشاندان و مانگرتن بەو ئومێدەری دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێنرێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەڵام نادرێنەوە .
 
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەری داعش و نەمانی ئاسایش و ئارامی لەسەر ئاستێكی فراوان، نزیكەی لانیكەم 13 ملیۆن عێراقی پێویستی زۆریان بەهاوكاری و كۆمەككردن هەبوو، كە لەناویاندا 3 ملیۆن ئاوارە .

بەگوێرەی بانكی نێودەوڵەتی، لەساڵی 2014 ڕێژەی بێكاری لەسەر ئاستی وڵات گەیشتووەتە 22.5% . 

خۆپیشاندانەكانی ئێستا هاوكاتە لەگەڵ پچرانی تەزووی كارەبا لەهاووڵاتیان و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بەتایبەت لەپارێزگاكانی باشووری عێراق .

عێراق بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هاووڵاتیان و دامودەزگاكان لانیكەم پێویستی بە 23 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، لەكاتێكدا ئێستا عێراق دەتوانێت تەنیا 18 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنێت .

جگە لە بڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبا، چەندین ساڵە هاووڵاتیان بەدەست بڕان‌و كەمی ئاوی خواردنەوەشەوە دەناڵێنن، جگە لە گلەیی و گازندەی هاووڵاتیان لە كێشەكانی پەیوەست بە رێگەوبان و كەرتی تەندروستی و خراپی خزمەتگوزارییەكان.