شارپرێس:
هەرگیز وشەیەکی توندی لێ نەبیستراوەو هێندە بەئارامی دەدوا، دەبوو باش گوێ ڕادێریت بۆ ئەوەی لەدێڕەکانی تێبگەیت.
هەردەم جەختی لەوەدەکردەوە، ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتیو پێکەوەژیانو خۆشگوزارانییە نەک ئاینی شەڕو دورخستنەوەی مرۆڤەکان لەیەکترو ڕەشکردنی ژیانی کەسانی تر.
بانگخوازو چالاکی بواری ئایینییو دامەزرێنەری یەکەم کۆمەڵەی ژینگەییو دۆسێکی زۆرباشی ژینگەو مامۆستایەکی پەروەردەکاری بەتوانا بوە، لەگەڵ ئەوەش کەسێکی کۆمەڵایەتیو جێدەست دیارو هەمیشە بەتەنگ خەڵکو دەوروبەرەکەیەوە بوە.
جێگری وەزیری ژینگەی عێراق بوەو جێدەستی دیارە لەکارەکانیداو هەردەم خواستی پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیارو تەندروستی هەبوە بۆ داهاتوی کۆمەڵگە.
مامۆستا شەماڵ موفتی، ئەوکەسەی کە وتەو پەیڤە شیرینەکانی دڵی هەموانی کەمەندکێش کردبوو.
ناوی تەواوی (شەماڵ عەبدولڕەحمان موفتی)یە، لەنەوەی (موفتی چاومار)ە، لەساڵی 1955 لەشاری بەغدا لەبنەماڵەیەکی خانەدانو ئایینپەروەر لەدایکبوەو سەرەتای قۆناغی خوێندنی لەوێ دەستپێکردوە.
شەماڵ موفتی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەکۆلێژی بەغدای ئەمریکی لەساڵی 1972 بەدەستهێناوەو دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەکۆلێژی کشتوکاڵ ـ بەشی زانستی گڵی لەزانکۆی سلێمانی
وەرگرتوە.
لەساڵی 1977دا بوە بەمامۆستاو بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەخوێندنگە ناوەندیو ئامادەییەکانی شاری سلێمانی سەرقاڵی وتنەوەی وانەی ئینگلیزی بوەو لەخوێندنگەکانی ناوەندیی کاوەی کوڕانو بناری کچانو نەخۆشەوانی کچانو کوڕان خزمەتیکردوە.
موفتی نوسەرو وەرگێڕێکی بەتوانابوەو لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا چەندەها بابەتی زانستی لەگۆڤاری علومو نەورۆزی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی خەڵاتی نۆبڵیان لەسەر وەرگیراوە، لەزمانی ئینگلیزیەوە کردونی بەعەرەبیو کوردی.
شەماڵ موفتی لەسەرەتای نەوەداکانەوە دەستیکردوە بەکاری بانگەوازو شارەو شار دەگەڕا بۆ ئەوەی پەیامەکانی بگەیەنێتە زۆرترین خەڵکو هەمیشە داوای مرۆڤدۆستیو پاراستنی ئاشتیو ئارامیو یەکتاپەرستی دەکردو بەردەوام جەختی لەبڕوابون بەڕۆژی دواییو خۆئامادەکردنی مرۆڤەکان دەکردەوە بۆ لێپرسینەوەی ڕۆژی دوایی.
ئەو هێندە لەبوارەکەدا قاڵبوبویەوە کە هیچ وشەو ڕستەیەکی بێ بەڵگەو هۆکار دەرنەدەبڕیو هەردەم ئامادەبوانو گوێگرانی کۆڕو سیمینارەکانی سەرسام دەکرد بەزمان پاراویو لەسەرخۆییو وردیی لەهەڵبژاردنو پێشکەشکردنی بابەتەکاندا.
دواترو لەڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە شەماڵ موفتی دەستیکرد بەدرێژەدان بەبانگەوازەکەییو جیاواز لەڕەوتو حزبەکانی ئەوکاتە بەردەوام نە هێمنیو زمانی نەرمو هێنانەوەی چیرۆکو بەڵگەی کردەیی قسەو ئامۆژگاریەکانی دەگەیاندە بینەرانی کە ئەمەش بوبوە هۆی زیاتر پەیوەستبونی هاوڵاتیان بەوتەو پەیڤەکانییەوە بەسەرجەم ئاراستە جیاوازەکانەوە.
باس لەوەدەکرێت لەیەکێک لەدیدارەکانی سەرکردەکانی هێزێکی ئیسلامیو هێزێکی فەرمانڕەوای عەلمانیدا باس لەڕۆڵو کاریگەری وتارەکانی مامۆستا شەماڵ کراوەو سەرکردەی هێزە عەلمانییەکە وتویەتی هەموو ئێوارایەک کە دەزانم شەماڵ موفتی بەرنامەی هەیە لەماڵەوەبم یان لەهەر شوێنێک بەدیار بەرنامەکەوە بەبێدەنگی دادەنیشمو گوێی لێدەگرمو دوای بەرنامەکە دونیا بینیم بۆ ژیانو ئایین دەچێتە قۆناغێکی ترەوە، چونکە ئەو خاوەنی دیدیگایەکی تایبەتی دیندارییە.
مامۆستا شەماڵ هەموکات لەبەرنامەو وتارەکانیدا لەپاڵ بابەتە ئاینییەکان کۆمەڵێک بابەتی زانستیو تەندروستیو ژینگەیی تێکەڵ بەبابەتەکان دەکردو وتارەکانی دەکردە دەرفەتێک بۆ پێدانی زانیاری زیاتر بەبینەرانی.
شهماڵ موفتی وێڕای خۆ تهرخانكردن بۆ كاری بانگخوازییو زانستی، بهشێكی گهورهی ژیانی بۆ خزمهتی ژینگهو هۆشیاری ژینگهپارێزی تهرخانكردبوو، لهو چوارچێوهیهشدا لهپاش ڕاپهڕینی ساڵی 1991 لهگهڵ چهند كهسێك كۆمهڵهی كوردستانێكی سهوزی دامهزراندو دواتر ساڵی 2003و دوای ڕوخانی بهعس، بوو بهجێگری وهزیری ژینگهی عێراق.
پهروهردهكردنی تاك، كرۆكی پهیامه ئایینیو پهروهردهییو زانستیهكانی مامۆستا شهماڵ موفتی بوو، چونكه پێیوابوو، تاكهكانی كۆمهڵگه بهئاكارو ڕهفتاری جوان پهروهرده بكرێن دهتوانرێت كۆمهڵگهیهكی تهندروست بونیادبنرێت كه خزمهتی گهوره بهمرۆڤایهتی بكات.
دوای چەندساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە سەرەنجام لەشاری هەولێرو ڕۆژی ههینی 19ی شوباتی ساڵی 2016 کۆچی دوایی کردو لەڕێوڕهسمێکی شایستەدا تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ سلێمانیو بەخاکسپێردرا.