عێراق جارێکی تر ئەنجامدانی سەرژمێريی دانیشتوان دوادەخات

عیراق

24/10/2020‌ 444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگای ستراتفۆرد بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان هۆشداریدەدات لەئەنجامەکانی دواخستنی بەڕێوەچونی سەرژمێری دانیشتوان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە بڕیاربوو لەکۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.

ناوەندەکە لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوه‌، حکومەتی عێراق نیازی هەیە بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جارێکی تر بەڕێوەچونی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان دوابخات کە لەساڵی١٩٩٧وە ئەنجامنەدراوە، هەروەک ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو هەنگاوە لێکەوتەی سیاسیی بەرچاوی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، وەک سەختی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن‌و دواجار دواخستنی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختەو دواکەوتنی گفتوگۆکردن لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتیی‌و یەکلاییکردنەوەی پرسی ئەو خاکانە ناکۆکیان لەسەرە.

ناوەندی ستراتفۆرد هەروەک باسی لەوەکرد، پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لەعێراق بەهۆی ترسی حکومەتەکانی عێراق لەسەرژمێرییەکان چەندینجار دواخراون، بەتایبەتی سەرژمێری لەو ناوچانەی لەڕوی نەتەوەییەوە ناکۆکیان لەسەرە کە ڕەنگە ئەنجامەکانی هاوسەنگی هێز لەڕوی سیاسیی‌و سەربازییەوە لەو ناوچانە بگۆڕێت.

 

ئاماده‌كردنى: ئاكۆ ئاڵى