ئۆغڵو: ئۆتۆمبێلە خۆماڵییەکەی ئەردۆغان لەئەوروپاو چین دەبەسترێت

جیهان

24/10/2020‌ 1271 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی ئایندەی بەرهەڵستکاری تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو بانگەشەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی ناوخۆیی تورکیا بەناڕاست وەسفدەکات، ڕاشیدەگەیەنێت، پێکهاتە سەرەکییەکانی ئۆتۆمبێلەکە لەدەرەوەی تورکیا دروستدەکرێن.

پێگەی بۆڵد میدیای تورکی لەهەژماری تایبەتی پارتی ئایندەی تورکیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە گواستویەتییەوە کە لێدوانی بەرپرسانی تورکیا دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییەی وابڕیارە بەتەواوەتی لەناوخۆی تورکیادا دروستبکرێت ناڕاستەو بەشە سەرەکییەکانی لەوڵاتانی ئەوروپاو چین دروستدەکرێت.

به‌گوێره‌ى زانیارییە بڵاوکراوەکانی پێگەی پارتی ئایندە، لەماوەی ڕابردودا دەسەڵاتدارانی تورکیا لەگەڵ کۆمپانیای (بۆش)ی ئەڵمانی ڕێککەوتون بۆئەوەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە دروستبکەن، لەکاتێکدا بۆدییەکەی لەئینگلتەراوە دێت‌و پاترییە کارەباییەکەشی کۆمپانیای فراسیسی چینی دروستیدەکات، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانی سەرۆکی تورکیایە کە ڕایگەیاندبوو، پاترییە کارەباییەکە بەتەواوەتی لەناوخۆی تورکیا دروستدەکرێت.

زانیارییەکانی پارتە بەرهەڵستکارە تورکییەکە لەبارەی ئۆتۆمبێلە خۆماڵییە تورکییەکە دوای ئەوەدێت کە ڕۆژنامەنوس فاتیح ئەلتیلی سەردانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی کردبوو، لەئەنجامدا بۆی دەرکەتبوو کە ئەو ئۆتۆمبێلەی بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت بەرهەمی ناوخۆی تورکیا ڕاست نییە، بەڵکو ئۆتۆمبێلێکی بەستراوەو بەشە گرنگەکانی لەدەرەوەی تورکیاوە دێت.

ئاماده‌كردنى: ئاكۆ ئاڵى

بەپەلە