کۆگاكانى سعودیە دەستیانکرد بەلابردنی بەرهەمە تورکییەکان لەسەر ڕەفەکانیان

لە میدیاکانەوە

24/10/2020‌ 633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بایكۆتى كاڵاكانى توركیا له‌سعودیه‌ په‌ره‌یسه‌ندو ئاژانسى هه‌واڵى فه‌ره‌نساش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، کۆگاو فرۆشگاکانی سعودیە دەستیانکردوە بەلابردنی بەرهەمە تورکییەکان لەسەر ڕەفەکانیان.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، کۆگاو فرۆشگاکانی سعودیە دەستیانکردوە بەلابردنی بەرهەمە تورکییەکان لەسەر ڕەفەکانیان، ئەویش دوای ئەوەی بەهۆی ئەو گرژییەی لەنێوان ڕیازو ئەنكەرە سەریهەڵداوە، لەسعودییە هاوڵاتیان هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵاو بەرهەمە تورکییەکان دەستیپێکرد.

لەسەرەتای ئەم مانگە، سەرۆکی ژوری بازرگانی سعوودییە داوایکرد، هەرچی بەرهەمی تورکییە بایکۆتبکرێت، ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو سعودییەکانە بەبازرگان‌و هاوڵاتیانەوە، وەڵامی دوژمنکارییەکانی تورکیا بۆسەر وڵاتەکەیان بدەنەوە.

دوای ئەم بانگەشەیە، زنجیرەی گەورە مارکێتەکانی سعودیە، هاوردەکردن‌و فرۆشتنی بەرهەمە تورکییەکانیان ڕاگرت، هەروەک بەشێک لەکۆگاکان ڕایانگەیاند، تاکۆتاییهاتنی ئەوەی ئێستا لایانە بەرهەمی تورکی دەفرۆشن‌و دواتر ئامادەنین هیچ کاڵایەکی تورکی بهێنن.

لەبارەی ئەگەری پەنابردنی تورکیا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەلای ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی، دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕایدەگەیەنن، ئەوان هیچ کۆتوبەندێکیان لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە تورکییەکان دانەناوە، بەڵکو ئەوە هاوڵاتیانن خۆیان دەستیانداوەتە بایکۆتکردنی کەلوپەلی تورکی.

بەڵام بەپێی بەیاننامەیەک کە لەلایەن هەشت گروپی بازرگانی دیاری تورکیاوە دەرچوە جەختدەکەنەوە، لەسەرئەوەی، کۆمپانیا سعودییەکان لەلایەن حکومەتەوە بەڵێننامەی ئەوەیان پێ پڕکراوەتەوە کە نابێت چیتر بەرهەمە تورکییەکان هاوردەبکەن.

ئاماده‌كردنى: ئاكۆ ئاڵى