جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیی خانه‌نشینان 350 ملیۆن دیناری بۆ حكومه‌تی هه‌رێم گه‌ڕانده‌وه‌

کوردستان

27/10/2020‌ 1735 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیی له‌بڕگه‌ی خانه‌نشینان 350 ملیۆن دینار بۆ حكومه‌تی هه‌رێم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاشكرایكرد، "لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، بە دیاریكراوی لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسای چاكسازی كە تایبەتمەندە بە خانەنشینی، بەرێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری توانیان مانگانە نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ "بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستان بە هەمواركردنەوەی لیستی موچەی پلەی شارەزاكان و دوای هەمواركردنەوەیان، توانرا جیاوازی موچەیان بۆ یەك مانگ نزیكەی (350) ملیۆن دینار بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

هه‌ر له‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ی وه‌زاره‌تی دارایدا هاتووه‌ "لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسایی چاكسازی باس لەوە دەكرێت كە كاربە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حكومەكانی ئەم یاسایەدا ناكرێت و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (36)ی ساڵی 2004 و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەسەریاندا".