شارپرێس:
به‌شێكى زۆر له‌ئێزدیه‌كان داواده‌كه‌ن مەراسیمی دەستبەکاربونی بابەشێخ دوابخرێت بۆ پاراستنى یه‌كڕیزى ئێزدیه‌كان، ڕاشیده‌گه‌یه‌نن، بەبێ ڕاوێژی تەواو لەگەڵ هەموو حزبە ئێزدییەکان‌و پیرانیان، بەتایبەت سەرکردەکانی چیای شەنگال‌و ئێزدییەکانی تری وڵاتانی تر هه‌ڵبژاردنى بابه‌شێخ بەڕێوەچوه، هۆشداریده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌راسیمه سبه‌ینێ به‌ڕێوه‌بیچێت، دابه‌شبون له‌نێوان ئێزدیه‌كاندا ڕوده‌دات.
به‌شێك له‌ئێزدیه‌كان هۆشداریده‌ده‌ن
به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێك كه ژماره‌یه‌كى زۆر له‌كه‌سایه‌تى‌و سیاسییه‌كانى ئێزدى له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ى كوردستان واژۆیان كردوه‌و وێنه‌یه‌كى ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه، هۆشداریده‌ده‌ن له‌مه‌راسیمى ده‌ستبه‌كاربونى بابەشێخ كه مه‌رته‌به‌یه‌كى باڵای ئایینی ئێزدییە.
به‌بێ ڕاوێژ بابه‌شێخ دیاریكراوه
ئاماژه به‌وه‌شده‌كه‌ن، "دوو ڕۆژ پێش ئێستا بەڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی بابەشێخ بەبێ ڕاوێژی تەواو لەگەڵ هەموو حزبە ئێزدییەکان‌و پیرانیان، بەتایبەت سەرکردەکانی چیای شەنگال‌و ئێزدییەکانی تری وڵاتانی تر، ئێمه ڕایدەگەیەنین دژی هەڵبژاردنی هیچ کەسایەتییەکی گونجاوی ئێزدی نین، بەڵام لەهەمانکاتدا میر یان ئەوانی دیکە مافیان نییە کە باقی ئێزدییەکان پشتگوێبخات‌و لەم هەلومەرجەدا لەکۆدەنگی ئێزدییەکان دورکەوێته‌وه".
ڕه‌نگه ئێزدیه‌كان دابه‌شبن
له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتوه ((پاش جدییەتی دۆخەکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەشبون‌و دابەشبونێکی گەورە له‌كاتێكدا هێشتا برینه‌كانمان ساڕێژنه‌بونه، داوا له‌حازم تەحسین بەگ دەکەین کە مەراسیمی دەستبەکاربون دوابخرێ‌و دەرگای دیالۆگ‌و ئاشتبونەوە لەگەڵ باقی ئێزدییەکان بکاتەوە)).
داواده‌كرێت بابه‌شێخ سبه‌ى ده‌ستبه‌كارنه‌بێت
هه‌روه‌ك داوا لەشێخ عەلی باباشێخ كراوه ڕۆژی سبه‌ینێ چوارشەممە كه مه‌راسیمى ده‌ستبه‌كاربونیه‌تى "ئارام بگرێت‌و ئه‌و مه‌راسیمه به‌ڕێوه‌نه‌بات بۆئەوەی بەشدارنه‌بێت لەدابەشبونی ئێزدییەکان، بەتایبەت کە ئەم پۆستە، ئاماژەی باڵای ئایینی ئێزدییەو دەبێت یەکبگرین‌و نوێنەرایەتی هەموو ئێزدییەکان بکات".
بابه‌شێخ كێیه‌و چ پێگه‌یه‌كى له‌ناو ئێزدیه‌كاندا هه‌یه:
(بابا شێخ) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ڕوحانی ئێزدییه‌كان‌و سه‌رپه‌رشتیاری كاروباری ئاینی ئێزدییه‌كانی ده‌كات له‌زنجیره‌ی بنه‌ماڵه‌ی "شێخ فه‌خره‌دینی كوردی عه‌دێ"یه‌و پێشتر (خه‌رتۆ حاجی ئیسماعیل) ناسراو به (بابا شێخ)ی ئێزدییان ئه‌و پۆسته‌ى به‌ڕێوه‌ده‌برد، به‌ڵام ڕۆژى 1ى 10ى ئه‌مساڵ به‌هۆی گرفتاری به‌نه‌خۆشیی گورچیله‌وه، له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد.
بابه شێخ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى ئایینیه
له‌ڕوی ئاینییه‌وه، بابا شێخ، به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی ئاینی ناو ئاینیی ئێزدیانه‌و خه‌رتۆ حاجی ئیسماعیل له‌ساڵى (1995)وه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ڕوحانی ئێزدییه‌كان بوه‌و سه‌رپه‌رشتیاری په‌رستگای لالشی كردوه.
له‌دواى میرته‌حسین كوڕه‌كه‌ى ده‌ستبه‌كاربوو
له‌دواى دوای كۆچی دوایی (میر ته‌حسین به‌گ)یش میری ئێزدییان، گۆڕانكاری له‌پۆستی "بابا شێخ" كرابوو، "میر حازم به‌گ"ی كوڕی "میر ته‌حسین به‌گ" هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی دنیایی‌و ئاینیی ئێزدییه‌كانی گرته ده‌ست‌و هاوكات له‌گه‌ڵ میرایه‌تی ئێزدییه‌كاندا كرایه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕوحانی ئاینیی ئێزدییان‌و "بابا شێخ"یش وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و ڕێبه‌ری ئاینیی ئێزدییان مایه‌وه.
تا 40 ڕۆژ هیچ هه‌ڵبژاردنێك ناكرێت
به‌گوێره‌ى داب‌و نه‌ریتى ئێزدیه‌كان، پێویسته تا 40 ڕۆژ هیچ هه‌ڵبژاردنێك بۆ پۆستى بابه‌شێخ نه‌كرێت، دواتر ئه‌گه‌ر سازان هه‌بوو یه‌كێك له‌بنه‌ماڵه‌ى ئه‌وكه‌سه‌ى له‌و پۆسته‌دا بوه ده‌ستبه‌كاربێت، به‌ڵام ئێستا ئێزدیه‌كان گله‌ییان له‌وكه‌سه هه‌یه كه ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتوه‌و به‌لایه‌نگرى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ناوبراوه ئه‌ویش عەلی شێخ ئەلیاس قەوالبێژی ئێزدیەکانه كه لەکۆبونەوەی جڤاتی ڕۆحانی ئێزدییەکان وەکو بابەشێخی نوێی ئێزدەیەکان هەڵبژێردرا.
14ى ئه‌م مانگه چ ڕویدا؟
کۆبونەوەکەی جڤاتی ڕۆحانی ئێزدییان 41 ڕۆژ دوای کۆچی دوایی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل بابەشێخی ئێزدیەکان دێت كه ڕۆژى 14ى ئه‌م مانگه لەدهۆک بەڕێوەچوو؛ تێیدا میر حازم بەگ میری ئێزدیان‌و ژمارەیەک کەسایەتییەکانی ئێزدییەکان بەشداربون، بڕیاریشوایه سبه‌ینێ چوارشەممە عەلی شێخ ئەلیاس لەقەزای شێخان وەکو بابەشێخی نوێی ئێزدییان دەستبەکاربێت.
سیڤی بابەشێخی نوێ:
دوای 40 ڕۆژ لەکۆچی شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل بابەشێخی ئێزدیەکان کە لە 1ى 10ى 2020و لەتەمەنی 87 ساڵ لەهەولێر بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد، عەلی شێخ ئەلیاس بابەشێخی نوێی ئێزدیەکانەو لەهەمان بنەماڵه‌ی ئایینی شێخ فەخری ئادیایەو لەکۆبونەوەی جڤاتی ڕۆحانی ئێزدییان لەدهۆک هەڵبژێردرا.
ناوی تەواوی عه‌لی ئه‌لیاس حه‌جی ناسره‌و له 5ى 12ى 1979 لەقەزای شێخان‌و لەبنەماڵەیەکی ئایینی له‌دایكبوه‌و خەڵکی کۆمەڵگای شێخکایە خێزاندارەو باوکی چوار منداڵەو تاوەکو قۆناغی شه‌شی سه‌ره‌تایی خوێندوە، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه فێری قه‌ول‌و به‌یتی ئێزیان بوە.
حه‌جی ناسری باپیرەی عه‌لى، لە 1920 تا 1954 بابەشێخی ئێزدیەکان بوە، ئه‌لیاسی باوکیشى لە1977 تاوه‌كو 1995 بابەشێخی ئێزدیەکان بوە، دوای كۆچی دوایی باوكی، چوه‌ته په‌رستگای لالش‌و خزمەتی پەرستگاکەی کردوە، له‌ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ئاماده‌ییه‌كی دیاری هه‌یه‌و لەزۆربه‌ی كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا ڕۆڵی نێوەنگیری بۆ چاره‌سه‌رکردن بینیوە.
ش.هـ