شارپرێس:
ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایگهیاند، ئەمریکا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانی چەندین ساڵە دژی وڵاتهكهی تاوان دەکەن، ئهوان توانایان ههیه كه هەموو گەمارۆکانی سەریان سڕ بکەن تاکوو کاریگەرییان نەبێت.
عهلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانی کۆبوونەوەیهكدا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی وڵاتهكه و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەماهەنگی ئابووری ئێران جەختیان کردەوه لهسەر زەروورەتی گرینگیدان بە باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵات و بژێوی خەڵک.
ڕێبەری باڵای ئێران باسی لهوهكرد: ئهمریكا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانی چەندین ساڵە دژی وڵاتهكهی تاوان دەکەن، چارەسەری گەمارۆکان دوو ڕێگایە، سڕکردن و لە کارخستنیان و زاڵ بوون بە سەر گەمارۆکان، "ڕێگای دووەمیش هەڵگرتنی گەمارۆکانە کە ئێمە ڕێگای هەڵگرتنی گەمارۆکانمان جارێک تاقی کردووهتەوە و چەند ساڵ دانوستانمان کرد بەڵام ئەنجامی نەبوو".
ئەوەشی دووپات کردەوە: کە ڕێگای زاڵ بوون بە سەر گەمارۆکان و لەکار خستنیان ڕەنگە سەرەتا کارێکی دژوار بێت، بەڵام ئەنجامێکی باشی دەبێت.
خامنەیی وتیشی: "دۆخی ئەمریکا لێڵە و ئەرووپاییەکانیش کە بەردەوام خەریکن دژی ئێران هەڵوێست دەگرن، ئەوانە زیاترین دەستێوەردانی هەڵەیان لە پرسەکانی ناوچەکە بووە، بە ئێمە دەڵێن لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە مەکەن، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا مووشەکی ناوهكیان هەیە، بە ئێمەش دەڵێن نابێت مووشەکتان هەبێت، چ پەیوەندییەکی بە ئێوە هەیە، ئێوە سەرەتا خۆتان چاک بکەن دواتر قسە بکەن".