ئەردۆغان لە بەردەم چوار ساڵی سەخت و دژواردا

لە میدیاکانەوە

25/11/2020‌ 1711 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای بردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە لایەن جۆ بایدن- ەوە، ژمارەیەك لە سەركردە جیهانییەكان بە تایبەتیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بە خێرای و بە پەلە كەوتوونە جوڵە، چونكە هەستیان بەوە كردووە كە سیاسەتی 4 ساڵی ئایندەی جۆ بایدن جیاواز دەبێت لە سیاسەتەكانی چوار ساڵی پێشووی دۆناڵد ترەمپ و سەختی دژواری زۆریشی تێدەكەوێت.

ئاژانسی بلۆمبێرگی هەواڵی لە ڕاپۆرتێكیدا سەبارەت بە سیاسەتە چاوەڕوانكراوەكانی بایدن لە بەرامبەر توركیادا، باسی لەوە كردووە كە سەرۆكی توركیا و ڕاوێژكارەكانی بە تەواوی ئاشنای كەسێتی جۆ بایدنن، دەشزانن سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا دژ بە توركیا ساز و ئامادەن كە ئیدارەكەی دۆناڵد تڕەمپ ڕێگر بوو لە سەپاندنیان.

كاتێك بایدن لە ساڵی 2017  پۆستی جیگری سەرۆكی ئەمریكای جێهێشت، ئاگای لە ووردەكاری هەرەسهێنانی پەیوەندییەكانی نێوان واشننتۆن و ئەنقەرە بوو كە گەیشتبۆ قۆناغی بێمتمانەیی دووسەرە.

بایدن لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز كە لە مانگی یەنایەردا بڵاوكرایەوە بە ستەمكار وەسفی ئەردۆغانی كردووە، داواش دەكات ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكانی ئایندەی توركیادا لە دژی ئەردۆغان پشتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بگرێت، بەو ئامانجەی ئەردۆغان باجی كارو كردەوەكانی پێشووی بدات.

لەوانەیە باجەكەی ئەردۆغان قورس بێت و واشنتۆن سزاكانی بەسەردا بسەپێنێت، تایبەتریش سەپاندنی سزای قورس بەسەر بانقی خەلقی توركی. پرسی پشتیوانی ئەمریكا لە ئیدارە كوردییەكەی سوریا و پرسی گەڕان و پشكنین بەدوای وزەدا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دوو پرسی دیكەی سەربەكێشە دەبن بۆ توركیا.

بلۆمبێرگ دەڵێت هەر ئەم ترسەی ئەردۆغانە وایكردووە زووبەزوو پیرۆزبایی سەركەوتن لە بایدن بكات، لە كاتێكدا زۆرینەی سەركردە بەهێزەكانی جیهانی وەك هەردوو سەرۆكی بەڕازیل و ڕوسیا كە لە سیاسەتی ئیدارەكەی تڕەمپ زۆر سوودمەندبوون وەك ئەردۆغانیان نەكردووە.

پێش گرێدانی لوتكەی كۆمەڵەی 20  كە شەممە و یەكشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە بەڕێوەچوو، ئەردۆغان بە تەلەفۆن پەیوەندی بە شا سەلمانی پاشای سعودیەوە كرد، سەرباری ئەوەی كار و ڕەفتارەكانی ئەو دوو وڵاتە مایەی بێزاری دامەزراوە سیاسییەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو، كەچی لە سایەی ئیدارەكەی ترەمپدا پارێزراوبوون.

ئەردۆغان لە ووتارەكەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە 21 نۆڤەمبەر، ئەوەی ڕەتكردەوە كە پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕوسیادا بووبنە جێگرەوەی پەیوەندییە دێرینەكانیان بە ئەمریكاوە، ڕۆژی دواتریش لە لێدوانێكیدا داوای لە ئەوروپییەكان كرد پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەنقەرەدا پتەوتر بكەن، لە كاتێكدا چەند مانگێك لەمەوبەر دژایەتی دەكردن.

دامیان مۆڕفی ڕاوێژكاری كاروباری توركیا بە بۆمب مینیندێز- ی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیرانی گوتووە كە ئەردۆغان لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئەوەی وویستوویەتی كردوویەتی، چونكە هاوڕێیەكی باشی وەك تڕەمپ- ی لە كۆشكی سپیدا هەبوو.

مۆرفی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بێ گومان ئەم سیاسەتەی ئەمریكا گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت، چونكە ئێدارە تازەكەی كۆشكی سپی بەرپرسانەتر لە جاران مامەڵە لەگەڵ ئەردرغان و ناوچەكەدا دەكات.

ئەمەش وایكردووە ئەردۆغان خۆی بۆ قۆناغێكی سەخت و دژوار ئامادە بكات، بۆیە 5 شەممەی ڕابردوو پەرلەمانی توركیا یاسایەكی پەسەند كرد كە بە گوێرەی یاساكە حكومەتی توركیا دەكاتەوە خاوەنی كۆمپانیاكانی ووزە و كانزاكاری كە لە دەرەوەی وڵات دایانمەزراندوون، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ووزەی توركیاش ئاشكرای كردووە كە ئەو جوڵەی توركیا هەنگاوێكی خۆپارێزییە، لە ترسی ئەوەیە نەوەك سزاكان بەسەر توركیادا بسەپێندرێن.

لە هەمان كاتیشدا چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كە بە هۆی كڕینی سیستەمی بەرگری موشەكی ئێس – 400 ڕوسییەوە، كۆنگرێسی ئەمریكا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

جۆن بۆڵتۆن- ی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەڵێت كە تڕەمپ نایەوێت سزای توركیا بدات، چونكە باوەرێ بەو پاساوەی ئەردۆغان هێناوە كە ئیدارەی پێشووی باڕاك ئۆباما ڕێگر بووە لەوەی موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی بە ئەنقەرە بفرۆشن، بۆیە ئەوانیش چاریان ناچار بووە و پەنایان بۆ كڕینی موشەكی ئێس – 400 ڕووسی بردووە، لە دیدی بۆڵتۆنەوە ئەم پاساوە تەنها وڕێنەیەكە و بەس. 

بایدن كە خۆی لە سەردەمی ئیدارەكەی پێشووی ئۆبامادا جێگری سەرۆك بووە، ئاشنای ووردەكاری گفتوگۆكانی ئەوسا بووە، ئومێدی ئەوەی لێ ناكرێت باوەڕ بەو پاساوەی توركیا بكات، پڕۆژەیەكی 12 خاڵیش لە كۆنگرێس ئامادەكراوە بۆ سزادانی توركیا كە سەرۆكی ئەمریكا ناچار دەكات بەلایەنی كەمەوە 5 لەو سزایانە بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

سزاكانی ئەمریكا بریتی دەبێت لە دوورخستنەوەی قەوارە سزادراوەكان لەوەی مامەڵەی داراییان لەگەڵدا بكرێت، ئەمەش لە ڕێگەی بڕیارێكی دادگاوە دەبێت، بەمەش ئەو قەوارانە بە تەواوی ئیفلیج دەبن.

لە لایەكی دیكەشەوە داوایەكی دادوەری لەسەر بانقی خەلقی توركی تۆمار كراوە كە دەوڵەتی توركیا خاوەنییەتی، بەوە تۆمەتبارە كە لە كردەی سپیكردنەوەی پارەوە گلاوە بە بڕی 20 ملیار دۆلار، ئەمەشی بۆ یارمەتیدانی ئێران كردووە تاوەكو خۆیان لە سزا ئابوورییە سەپێنراوەكانی ئەمریكا بدزنەوە. لە یۆنیۆی ڕابردووش دۆناڵد ترەمپ داواكاری گشتی سەرەكی ئەو دۆسییەی ناچار بە دەستلەكاركیشانەوە كرد.

 بانقی خەڵق- یش سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردوونەوە، وابڕیاریشە دوای دوو مانگی دیكە لە دەستبەكاربوونی بایدن لە پۆستی سەرۆكی ئەمریكا، دادبینی ئەو دۆسییە لە بەردەم دادگایەكی ئەمریكیدا دەستپێبكاتەوە.

ئاژانسی بلۆمبێڕگ ئاماژەی بەوەش كردووە كە بەرپرسە توركەكان پێیان وایە گەورەترین ئاڵێنگاری بەردەم توركیا لە سەردەمی بایدندا پرسی سوریایە، بایدنیش پێش هەلبژاردنەكان ووتبووی كە پێی باشە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە سوریا بمێننەوە. تڕەمپیش لە 2019  هەندێك لەو هێزانەی لە سوریا كیشانەوە، بەمەش ڕێگە بۆ هێزەكانی توركیا خۆش بوو دەستبەسەر چەند ناوچەیەكی سنوری كوردەكانی سوریادا بگرن كە ئەنقەرە بە تیرۆرستیان دەزانێت و ئەمریكاش بە هاوپەیمان.

پێناچێت بەم زووانە ناكۆییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە چارەسەر بكرێن، ئەردۆغان ئەگەر سازشیش بكات و دەستبەرداری چەند داواكارییەكی بێت، هێشتا ناتوانێت دەستبەرداری هەموو داواكارییەكانی بێت.

لەم پرسەدا پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا پشتی بە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا بەستووە كە هاوپەیمانییەتی، ئەو پارتە نەتەوەپەرستەش چاوەڕێی ئەوەی لێ ناكرێت بەوە ڕازی بێت كە سازش لەسەر هیچ كام لەو داواكارییانەی توركیا بكرێت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا چەند ڕۆژێك لەمەوپێش  لە لێدوانێكیدا لەوبارەوە گوتوویەتی: "نە پشتیوانی لە بایدن دەكەین و  نەترەمپ-یشمان خۆش دەوێت". ئەوەشی گوتووە: "ئێمە زۆر بە ووریاییەوە چاودێری دۆخەكە دەكەین".

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا 
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر