بانکی نێودەوڵەتی: لەهەناردەکردندا لەسەر ئاستی جیهان عێراق کەمترین پلەی هەیە

عیراق

26/11/2020‌ 423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتیی، لەسەر ئاستی جیهاندا عێراق کەمترین هەمەچەشنی هەیە لەهەناردەکردنی کاڵاو شمەک‌و خزمەتگوزارییەکاندا بەشێوەیەک هەناردە نا نەوتییەکانی‌و تەنها لە 4.1%ى تێکڕای هەناردەکانی پێکدەهێنێت.

ڕاپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیی ئاماژەی بەوەشکردوە، عێراق شکستیهێناوە لەوەی سەرچاوەکانی داهاتەکانی هەمەچەشن بکات‌و هێشتا هەر پشت بەهەناردەی نەوتی خاو دەبەستێت، هەرئەمەش وایکردوە توانای بەرهەمهێنانی بەشێوەیەکی گەورە لاوازبێت‌و پشکی کەرتی کشتوکاڵ‌و کەرتی پیشەسازی لەتێکڕای داهاتی نەتەوەییدا لەئاستێکی هەرەنزمدابێت.

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی بانکەکەدا هاتوە ((بەهۆی گەندەڵییەوە کۆمپانیاکانی سەر بەحکومەت لەڕێگای بەکارهێنانی داواکاری ساختەی هاوردەکردنەوە هەوڵی بەقاچاخبردنی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی وڵات دەدەن، هەرئەمەش وادەکات ئەو کۆمپانیایانەی بەشێوەیەکی یاسایی‌و ڕەوا کاردەکەن دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەمدا کەمبێتەوە کە کەلوپەلی پێویست هاوردەبکەن)).

لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکەدا چەندین ڕێوشوێنی پێویستی پێشنیازکردوە کە دەکرێت عێراق بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بازرگانیکردن‌و پشتیوانیکردنی هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن پشتی پێببەسترێ، لەوانە نوێکردنەوەی گومرگەکانی عێراق‌و کۆنترۆڵکردنی هەموو سنورو دەروازە سنورییەکان‌و ئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارە بازرگانییەکان، ئەویش لەڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەبازرگانیداو زیادکردنی شەفافیەت لەئیدارەدانی هاوردەکردن‌و دواجار چونەناو ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی