کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیانی گەورە لە ئابووری ئەو وڵاتە دەدات

عیراق

27/11/2020‌ 1037 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئابووریناس و شرۆڤەکارانی عێراقی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانەکانی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئابووری عێراق زۆر گەورە دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا ئابووری وڵات بەهۆی هەرەسهێنانی نرخی نەوت و کەمبوونەوەوەی تێکرای هەناردەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەدۆخێکی نالەباردایە.

لەوبارەیەوە بەرا شنان پسپۆڕ ئابووری  هۆشدارى دەدات لەوبارەیەوەو دەڵێت" کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هانی کۆمپانیاکانی وەک ئیکسۆن مۆبیل دەدات بیر لەوە بکەنەوە کە لە پرۆژە گرنگەکانی کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بکاتەوە، کە ئەوە زیانێکی راستەوخۆ لە ئابووری عێراق دەدات و ناوبانگی وەبەرهێنانی وڵاتیش زیانی بەردەکەوێت".

لەوچوارچێوەیەشدا رۆژنامە و پێگە تایبەتمەندە ئابوورییەکانی ئەمەریکا وەک بلوومبێرگ و ئەنالیز مارکێت هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە کۆمپانیا چینییەکان هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەن کە خاوەندارێتی لە لەسەدا ٣٨ ی پشکەکانی ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی نەوتیی قوڕنە لە بەسرە بکەن.

ئەو پسپۆڕەى بوارى ئابورى عێراق باسى لەوەشکردوە کە  کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بەگشتی سەرکەشن و بەراورد بە کۆمپانیا جیهانییەکانی تر لە لەدۆخی ئەمنی خراپدا کاردەکەن، کشانەوەشیان لە عێراق ئاماژەی ئەوە دەدات کە دۆخی ئەمنیی عێراق چەندە خراپە، مانای ئەوەشە کە کێڵگە نەوتییەکان بەگشتیی گەرەنتیکراو نین ، ئەوەش بۆ وڵاتێک کە هەر پشت بە داهاتەکانی نەوت دەبەستێت زۆر مەترسیدارە.

هاوکات حەسەن ئەسەدی پسپۆڕی ئابوورییە پێیوایە کە کشانەوەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پەیوەندی بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکاوە نیە.

ناوبراو دەڵێت" زۆرینەی هێرش و بەئامانجگرتنەکان و ئاستەنگ درووستکردن بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان لە عێراق بەر کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمەریکا کەوتووە، ئەوەش لەبەرژەوەندی رکابەرەکانیان بووە لە رووس و چینییەکان کە بەگشتیی لەدۆخێکی سەلامەتدا بوون و بەئامانج نەگیراون.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی