زاناکان: شریتی بۆماوەیی کۆرۆنای گۆڕاو بەرگەی ڤاکسینەکانی ئێستا دەگرێت

تەندروستی

05/01/2021‌ 907 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پسپۆڕێکی تەندروستیی بەریتانی هۆشداریداوە لەوەی شریتی بۆماوەیی ئەو ڤایرۆسەی لەباشوری ئەفریقیا بڵاوبۆتەوە، بەرگەی ڤاکسینەکانی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەگرێت کە بۆ دروستکردنی بەرگری دژ بەپەتاکە بەرهەمهێنراون.

بەگوێرەی جۆن بیڵ مامۆستای پزیشکی لەزانکۆی ئۆکسفۆرد، بەرگەگرتنی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆڕۆنا بەرامبەر بەڤاکسینەکانی ئێستا، هیچ سیناریۆیەکی ترسناک نییە، لەبەرئەوەی تەنها شەش هەفتە پێویستە بۆئەوەی پەرە بەڤاکسینی تایبەت بەئەوانیش بدرێت.

به‌وته‌ى ئەو توێژەرە بەریتانیە، بەرگەگرتنی ڤایرۆسە نوێکەی بەریتانیا بەرامبەر بەڤاکسینەکان تەنها ئەگەرێکەو ئەوە بۆچونی تایبەتی ئەوە، بەڵام ئەگەری زۆریش هەیە ئەو ڤاکسینانەی ئێستا پەرەیان پێدراوە بتوانن مامەڵە لەگەڵ بازدانەکەیدا بکەن، بەڵام ئەو کۆڕۆنایەی لەباشوری ئەفریقیا بڵاوبۆتەوە هیچ زانیارییەکەی ئەووتۆ لەسەری نییەو نیشانەیەکی پرسیاری گەورە لەسەری هەیە.

لای خۆیەوە مات هانۆک وەزیری تەندروستیی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، ئەو شریتە بۆماوەییەی کۆڕۆنا کە لەباشوری ئەفریقیا بڵاوبۆتەوە بەراورد بەوەی لەبەریتانیا تۆمارکراوە زۆر زیاتر نیگەرانی کردوە.

هانۆک باسی لەوەشکردوە، ئەو بازدانەی بەسەر شریتی بۆماوەیی کۆڕۆناکەی باشوری ئەفریقیادا هاتوە، گۆڕانکاری لەپێکهاتەی پڕۆتینی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-١٩)دا دروستکردوە.

هەرچی تیمی زانستی زانکۆی ئۆکسفۆردە بەدوریدەزانن ئەو دوو شریتە نوێیەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بتوانن بەسەر ڤاکسینە پەرەپێدراوەکانی کۆڕۆنادا سەربکەون، بەڵام ئەگەرهات‌و دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا ڕۆیشت، ئەوە دەبێت زاناکان بیر لەپەرەپێدانی ڤاکسینێکی نوێی تایبەت بەوان لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بکەنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی