وردەکاری ڕووداوی تەقەکردن لە خواردنگەیەکی پاچەی هەولێر لە زاری خاوەنەکەیەوە

کوردستان

15/01/2021‌ 1427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر بەهۆی دروستبوونی ده‌مه‌قاڵێوه‌ كه‌ به‌هۆی نەمانی خواردنی پاچە بووە دوو کەس برینداربوون و زیاتر له‌ 50 گولله‌ نرا به‌ دوكانێكی پاچه‌وه‌، هاوكات زیانێکی زۆری دارایی لە لە ژمارەیەک خواردنگە و چایخانە و دوکانەکانی سەر شەقامی 30 مەتریی كه‌وت. بەپێی سەرچاوەکان ئەوانەی کە تەقەیان کردووە چوار کەس بوون دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕویشتوون.

شێرزاد ئیسماعیل خاوەنی ئەو خواردنگەیەی کە شەڕ و تەقەی لەسەر ڕوویداوە سەبارەت بە رووداوەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد: شەڕەکە لەسەر ئەوەبووە کە تەنها خواردنی سەروپێی بەیانیان نەمابوو. 

ئەو دەڵێت چوار کەس تەقەیان لە خواردنگەکەی کردووە بەو هۆیەوە دوو کەسی کە لەو خواردنگەیە کاریان دەکرد بە سوکی برینداربوون. دەزگا ئەمنیەکانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و پێیان ڕاگەیاندوون کە "بە زوترین کات ئەو کەسانە دەستگیر دەکەن و دەشڵێت" زیانی مادی زۆرە ئەو سێ خواردنگە و چایخانەیە هەمووی گولەیە، جاری یەکەم کە هاتن شەڕە بۆکس بوو دواتر ڕویشتن چەکیان هێنا و ئەو هەموو گولە و دەستڕێژیەیان کرد، زۆر هەن کە چەکیان هەڵگرتووە بێ مۆلەت کەس نازانێت چییە و هیچ لێپێچینەوەیەک نییە، داوا لە حکومەت دەکەین کەمێک سەیتەرە لەسەر ئەو کەسانە بکات و پێویستە سنورێک دابنرێت".

خاوەنی چایخانەیەکی تەنیشت ئەو خواردنگەیە لەبارەی هۆکار و وردەکاری ڕووداوەکەوە بەدەنگی ئەمەریکا دەڵێت: "شەو چوار کەس هاتن بۆ ئێرە دوایی شەڕ و جنێوی نەشیاویان بە شاگردەکەدا و لێیاندا، ئێمە پێمان گوتن وازبێنن خواردن نەماوە، سێ عەرەب دانیشتبوون نانیان دەخوارد قاپی ئەوانەیان هەڵگرت و لە شاگردەکەیاندا، دوایی دەمانچەیان دەرهێنا و دەمانچەمان لێ وەرگرتن پۆلیس هاتن ئێمەش بە پۆلیسمان وت ئێستا جەماعەت دێنەوە وتیان کەی هاتنەوە تلیفۆنمان بۆ بکەن کە پۆلیس ڕویشتن ئەوانە هاتنەوە و دەسڕێژی گولەیان کرد، سکاڵامان تۆمار کردووە بەڵام جارێ ئەنجامەکەی دیارنییە زەرەر و زیانێکی زۆریان کردووە و نزیکەی پازدە خانەوادە بێ کار بووە".

ناوبراو باسی لەوەشکرد کە شەش گولە بەردوکانەکەی کەوتوون و نزیکەی بیستو پێنج گولەش بە خواردنگەی پاچەی ساماڵ کەتووە، قەوان و شتەکان هەمووی دیارن و خواردنگەی ئەحمەدیش زەرەری زۆری کردووە و گولەیان پێکەوتووە.

لە هەولێر بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوە لەماوەکانی ڕابردوودا چەندین کەس کوژراون و برینداربوونە، لای خۆیەوە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش باسیان لەوەکردووە کە هەوڵێکی زۆریانداوە تا چەکی بێ مۆلەت و نایاسایی قەدەغەبکرێت و بەو هۆیەوە ڕووداوی کوشتن و بریندارکردن و تاوانی تری لێنەکەوێتەوە.