ئه‌فسه‌ری باڵای تیادایه‌.. هه‌په‌گه‌ كوژرانی زیاتر له‌ هه‌زار سه‌ربازی توركیای ڕاگه‌یاند

کوردستان

17/01/2021‌ 3682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) ئاماری كوژرانی سه‌ربازانی توركیای له‌ ساڵی 2020 بڵاوكرده‌وه‌.
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل له‌ئاماری شەڕ و پێکدادان و چالاکییەكانی گەریلا لە ساڵی 2020 لە دژی سوپای تورکیا، كوژرانی هەزار و پێنج سەربازی تورکیای ڕاگه‌یاند.

له‌نێو كوژراوه‌كانی سوپای توركیا ئه‌فسه‌ری پله‌باڵای وه‌ك عەقید و نەقیب و ملازم و دوو جێگری ملازم و چوار عەریفی یەکەم هه‌یه‌.

هه‌په‌گه‌ ده‌شڵێت، له‌ساڵی ڕابردوودا 358 گەریلا له‌میانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سوپای توركیا شه‌هید بوون.

هه‌په‌گه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، ساڵی 2020 سوپای تورکیا 122 ئۆپەراسیۆنی وشکانی، هەزار و 589 بۆردوومان، 206 تۆپبارانی ئەنجامداوە، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا گەریلاکانی پەکەکە 397 چالاکیی سەربازیی، 13 هێرشی ئاسمانی بە درۆن، 63 پێکدادانی راستەوخۆ، 120 کردەوەی پارتیزانی ئەنجامداوە. 
 
ده‌رباره‌ی زیانه‌ ماددییه‌كانی سوپای توركیا هه‌په‌گه‌ ده‌ڵێت، 16 شۆڤڵ و بلدۆزەر و بارهەڵگری سەربازیی توركیا تێکشکێندران، سێ درۆن و هەلیکۆپتەرێک خراونەتە خوارەوە و 12 هەلیکۆپتەر زیانیان بەرکەوتووە.