10 په‌رله‌مانتاری كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كوردستان هۆشداری ده‌ده‌ن

کوردستان

19/01/2021‌ 2078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
10 په‌رله‌مانتاری كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی كوردستان هۆشداری ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن هه‌رێم له‌به‌رده‌م قه‌یراندایه‌ و پێویسته‌ ئەم دۆخە تێبپه‌ڕێنرێت و نەوتی هەرێم راده‌ستی بەغداد بكرێت، لەپێناو زامنكردنی موچەی موچەخۆران و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم، وەكچۆن حكومەتی هەرێم ناتوانێت تەنانەت 60 رۆژ جارێكیش موچەی تەواوەتیی بداتە موچەخۆران.

راگەیاندراوی (10) پەرلەمانتار بۆ خەڵكی كوردستان

هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی گەورەی دارایی دایە و تائێستایش لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە، هەنگاوی كرداریی نابینین بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەرێی‌ كۆمپانیای "سۆمۆ"ی عیراقیی و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لە بودجەی عیراق دا بۆ ساڵی 2021.

ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، جەختدەكەین لەسەر پێویستیی تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغداد، لەپێناو زامنكردنی موچەی موچەخۆران و وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێم، وەكچۆن حكومەتی هەرێم ناتوانێت تەنانەت 60 رۆژ جارێكیش موچەی تەواوەتیی بداتە موچەخۆران.

ئۆباڵی ئەم دۆخە، روبەروی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێتەوە، ئەگەر بە كرداریی بڕی پێویستی نەوت رادەستی بەغداد نەكەن. بەرپرسیارێتیی هێزە بەشداربوەكانی نێو حكومەتی هەرێمە، لە ئاست گەورەیی ئەم قەیرانەدا ببن و كۆتایی بەم دۆخە كارەساتبارە بهێنن، تەنانەت ئەگەر بە كشاندنەوەیشیان بێت لەم كابینەیەی حكومەت. 

پەرلەمانتاران:
- شیرین ئەمین.
- هەڵز ئەحمەد.
- دیاری ئەنوەر.
- سیروان بابان.
- عەلی حەمەساڵح.
- شایان كاكە ساڵح.
- ئاشنا عەبدوڵلا.
- دابان محەمەد.
- جەلال محەمەد.
- مەم بورهان قانع.

بەپەلە