هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كرێت به‌ڕێنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا

کوردستان

26/01/2021‌ 798 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت‌و وزە لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستی چارەسەرکردنی کێشەكانى لەگەڵ بەغدا نییە، ده‌شڵێت:"هیچ نیازێکی جیدی لای حکومەتی هەرێم نابینرێت به‌تایبه‌ت کێشەی هەناردەکردنی نەوت‌و ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکان‌و چۆنێتی دابەشکردنی داهاتە سیادییەکان".

فالح خەزعەلی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاندوه‌، "هیچ نیازێکی جیدی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان نابینم بۆئەوەی کێشەكانى لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات، به‌تایبه‌ت کێشەی هەناردەکردنی نەوت‌و غازو ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکان‌و چۆنێتی دابەشکردنی داهاتە سیادییەکان".

خەزعەلی ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەبێت بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دادپەروەری تێدابێت، به‌تایبه‌تیش پابه‌ندكردنى هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌ولێرو به‌غدا بەجێبەجێکردنی بەندەکانی".

سه‌باره‌ت به‌دەروازە سنورییەکانیش ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتویەتی:"حکوومەتی هەرێم بەو پێوه‌رانە ڕازیی نییە کە حکومەتی فیدراڵ لەبارەی چۆنێتی ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکان‌و دابەشکردنی داهاتەکانییەوە هەیەتی".

یەکشەممەی ڕابردوو عەبدولستار مەجید ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێم لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراقەوە ئاگادارکراوەتەوە کە بەهۆی جیدی نەبونی هەرێم بەڕادەستکردنی داهاتی نەوت‌و دەروازە سنورییەکان بەحکومەتی ناوەندی، قورسە بتوانرێت دەنگ لەسەر پشکی هەرێم لەناو بودجەی فیدراڵی بدرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی