هۆشداریی لەداگیرکردنی شەنگال لەلایەن تورکیاو دەدرێت

کوردستان

31/01/2021‌ 826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری دەدات لەپیلانی تورکیا داگیرکردنی قەزای شەنگال بە هاوکاری ژێربەژێری هەندێک لایەنی ناوخۆیی، هەروەک داواشی لە حکوومەتی بەغدا کردووە بەخێرایی کار لەسەر کۆتایی هێنان بە بوونی سوپای تورکیا لە عێراق بکات.


قوسەی شەبەکی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە کە وەکچۆن هەندێک لایەنی سیاسیی ناوخۆیی لەساڵی ٢٠١٦ هاوکاری تورکیایان کرد بۆئەوەی جێپێی خۆی لە دەشتی نەینەوا قایم بکات و بنکەیەکی سەربازیی لە بەعشیقە درووست بکات، بەهەمان شێوە ئێستا هاوکاری ئەنقەرە دەکەن بۆئەوە کۆنترۆڵی قەزای شەنگال بکات.


ئەو پەڕلەمانتارە شەبەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تورکیا بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پارتی کریکارانی کوردستانی کردووە بە پاساو بۆ داگیرکردنی شەنگال و دەشتی نەینەوا، روونیشی کردۆتەوە کە نەبوونی هێزە فیدراڵییەکان و هەوڵی هەندێک لایەنی ناوخۆیی بۆ جوانکردنی وێنەی تورکیا لەناوچەکە، هۆکارێکە بۆ داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن تورکیاوە.


لەماوەی رابردوودا شاندێکی باڵای سەربازیی تورکیا بەسەرۆکایەتیی خەلووسی ئاکار وەزیری بەرگری سەردانی بەغدا و هەرێمی کوردستانیان کرد و تێیدا داوایان کرد کۆتایی بە بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق بهێنرێت، هەروەک دواتر رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە رەنگە شەوێک لەپڕ پەلاماری شەنگال بدەن و چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچەیە دەربکەن.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی