سه‌رۆك كۆمار داواى دوباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى دۆخی ئیدارەی شنگال ده‌كات

کوردستان

01/02/2021‌ 1213 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆك كۆمار جەختدەکاتەوە لەپێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئاشكراكردنی چارەنوسی شوێنبزركراوان‌و پەسەندكردنی یاسای کچان‌و ژنانی ڕزگاربوی ئێزدی، هاوكات داواى دوباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى دۆخی ئیدارەی شنگال ده‌كات.

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لەكۆشكی سەلام لەبەغدا پێشوازیكرد لەنادیە موڕاد چالاكوانی ئێزدی.

لەدەستپێكی دیدارەكەدا سه‌رۆك كۆمار ستایشی ئەو هەوڵە بەردەوامانەی كرد كە نادیە موڕاد لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان پێی ھەڵدەسێت لەپێناو گەیاندنی دەنگی قوربانییە ئێزدییەکان بەجیھان.

ھاوکات بەگرنگییەوە باسی لەئازایەتی‌و قوربانییەکانی نادیە موڕادو کچان‌و کوڕانی ئێزدی‌و سەرجەم پێکھاتەکانی دیکە گەلی عێراق کرد دژ بەتیرۆرو داعش.

لەدیدارەکەدا سەرۆك كۆمار دوپاتیکردەوە، بەهەموو هێزو توانایەوە كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەكان‌و هەموو ئاوارەو دەربەدەرەکان بۆ زێدی خۆیان‌و دابینكردنی ژیانێكی شایستەو خۆشگوزەران.

جەختیشیکردەوە، پێویستە سەرجەم بەربەستە سیاسی‌و كارگێڕییەكانی بەردەم پرۆسەی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە لاببرێن، بەتایبەتی دۆخی ئیدارەی شنگال دوبارە ڕێكبخرێتەوەو ئاسایش‌و سەقامگیریی تێیدا پارێزراوبێت‌و خزمەتگوزارییە مادیی‌و مەعنەوییەكانیش بۆ دانیشتوانەكەی بەردەستبخرێت بەجۆرێک شایستەی قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.

سه‌رۆك كۆمار هیوایخواست یاسای کچان‌و ژنانی ئێزدییە ڕزگاربوەكان بەزوترینكات پەسەندبكرێت، ھاوکات سەرجەم چین‌و توێژە زیان لێكەوتوەكانی دیكەش بگرێتەوە، ئاماژەشی بەگرنگی ئەوكارە دڵسۆزو ماندونەناسانە كرد كە لەلایەن دەزگا ئەمنی‌و هەواڵگرییەكان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامدراون بەمەبەستی چڕكردنەوەی هەوڵ‌و كۆششەكان بۆ سۆراغكردنی چارەنوسی ژن‌و كچە ڕفێنراوو شوێنبزركراوەكانی ئێزدی‌و ئازادكردنیان.

لەكۆتایی دیدارەكەدا نادیە موڕاد سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن سەرۆك بەرهەمەوە لێیكرا، ھەروەھا هەوڵ‌و كۆششە بەردەوامەکانی سەرۆک کۆماری بەرزنرخاند بۆ پشتیوانیکردن لەدۆسییەی ئێزدییەكان، ھاوکات نادیە موڕاد دوپاتیکردەوە کە لەهەوڵەکانی بەردەوامدەبێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری ئێزدییەكان‌و چین‌و توێژە زیان لێكەوتوەكانی دیكەی قوربانیانی دەستی تیرۆرو تیرۆریستان.