شرۆڤەکارێکی ئه‌مریكی: تورکیا بوێری ئەوەی نییە پەلاماری شنگال بدات

کوردستان

02/02/2021‌ 1344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شرۆڤەکارێکی سیاسیی ئه‌مریكی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا بوێری ئەوەی نییە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکاتەسەر شنگال، ده‌شڵێت:"بەوپێیەی هەڕەشەی جدیی لەسەر تورکیا هەیە بەوەی بەهۆی سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لەسوریاو عێراق‌و لیبیا سزای بەسەردا بسەپێنرێت".

مەهدی عەفیفی شرۆڤەکاری سیاسیی‌و ئەندامی دیاری پارتی دیموکراتی ئه‌مریكی ئاماژەی بەوەکردوە، "جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ئه‌مریكا بەڕاشکاوی رایگەیاندوە، سیاسەتەکانی ئەردۆغانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ قبوڵ نییە، بۆیە مەترسیی جدی لەسەر ڕژێمی تورکیا هەیە بەهۆی سیاسەتەکانی لەناوچەکەو دەستتێوەردانەکانی لەعێراق‌و سوریاو لیبیا توشی سزدان ببێت".

ئەو شرۆڤەکارە ئه‌مریكییەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەنكەرە باش درک بەوەدەکات، "ئێستا ناتوانێت لەناوچەکەدا بەوشێوەیە جوڵەبکات کە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ دەیکرد".

ڕونیشیکردۆتەوە، ئەوکەسانەی لەناو ئیدارەی ئه‌مریكا دۆسیەی تورکیایان بەدەستەوەیە باش لەڕەهەندەکانی سیاسەتی تورکی تێدەگەن.

لەماوەی ڕابردودا شاندێکی باڵای سەربازیی تورکیا بەسەرۆکایەتیی خوڵوسی ئاکار وەزیری بەرگری سەردانی بەغداو هەرێمی کوردستانی کرد بەمەبەستی ڕازیکردنی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆئەوەی لەپەلامارادانی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەشنگال بەشداری بکەن.

دوای سەردانی شاندە تورکییەکە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "ڕەنگە شەوێک لەپڕ پەلاماری شنگال بدەن‌و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو ناوچەیە دەرپەڕێنن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی