ئایا ڤاکسینی کۆڕۆنا مەترسیی درووستبوونی نەزۆکیی هەیە؟

تەندروستی

14/02/2021‌ 423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەندێک کەس لەوە دەترس خۆکوتان بە ڤاکسینی کۆڕۆۆنا کاریگەریی بکاتە سەر توانای منداڵبوون یان کەسەکە تووشی نەزۆکیی بکات و گۆڕانکاریی بەسەر جیناتەکانی مرۆڤدا بهێنێت، بەڵام ئایا ئەو مەترسیانە لەجێگای خۆیدایە؟.

بەپێی راپرسییەکە کە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە چووە و نزیکەی ٣١ هەزار کەس بەشداریان تێدا کردووە، دەرکەوتووە کە لەسەدا ٣١یان پێیان باشە جارێ چاوەڕی بکەن و بە ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان نەکوتن تاوەکو کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ ڕووندەبێتەوە.

بەگوێرەی پسپۆڕانی تەندرووستیی ئەڵمانی، ئەو ڤاکسینانەی ئێستا لە ئەوروپا دژ بە کۆڕۆنا بەکاردەهێنرێت، بەشێوەیەکی گەورە دژ بە نەخۆشییەکە کاریگەرن، بەشێوەیەک پەیمانگای ڤان کوخ بۆ نەخۆشییەکان لە ئەڵمانیا دەڵێت پێکوتەکان ئەگەری گیان لەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کەمدەکەنەوە، بەڵام هەندێک نیشانەی لاوەکی وەکو تەنگەنەفەسیان لای هەندێک درووستدەکەن.

لەوبارەیەوە کڵاوس سیشپتیک سەرۆکی پەیمانگای فیدراڵی ئەڵمانی بۆ ڤاکسین و دەرمانە پزیشکییەکان دەڵێت: هیچ پەیوەندییەک لەنێوان خۆکوتان بە پێکوتەی دژە کۆڕۆنا و نەزۆکییەوە نییە و ئەو قسەیە پشت بە هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نابەستێت ودەچێتە ناو خانەی هەواڵە هەڵبەستراوەکانەوە.

هەروەک چۆن پسپۆڕانی تەندرووستیی ئەڵمانی جەختیان کردۆتەوە کە هیچ ئاماژەیەک نییە کە ڤاکسینەکان ببنە هۆی درووستبوونی گۆڕانکاری بۆماوەییی لای مرۆڤ یان لەناو خانەکانی جەستەیاندا، بەشێوەیەک ئەو ڤاکسینانەی ئێستا مۆڵەتی بەکارهێنانیان پێدراوە، هیچ نیشانەکەیان درووستنەکردووە کە پەیوەندی بە نەزۆکییەوە هەبێت.

جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵە پزیشکییەکانی ئەڵمانیا دڵنیاییانداوە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان خۆلوتان و نەزۆکبووندا نییە. ئەو کۆمەڵانە دەڵێن ئەو قسانەی لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە تەنیا هەواڵی ناراست و هەڵبەستراون.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی